کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرتێبەردانی قامیشەکانی زرێبار بەردەوامە

10:55 - 12 رەزبەر 2720

جارێکی دیکە ژینگەی دەوروبەری گۆلی زریبار لەلایەن نەیارانی ژینگەوە ئاگری تێبەردرا و ڕووبەرێکی بەرچاو لەو ژینگەیە لە ئاگردا سووتا.

هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی باڵندە کۆچەرییەکان بۆ گۆلی زرێبار، ژینگەپارێزانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا" ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەر، دەستیان کرد بە خاوێنکردنەوەی ژینگەی ئەو گۆلە و ئامادەکردنی بۆ باڵندەکان.

تەنیا ڕۆژێک پاش ئەو هەوڵە ژینگەپارێزییە، نەیارانی ژینگە قامیشەڵان و گژ و گیای دەوروبەری ئەو گۆلەیان ئاگر تێبەردا. ئەو هەوڵەی نەیارانی ژینگە کاریگەرییەکی زۆر زیانباری لەسەر ئیکۆسیستەمی ئەو گۆلە و دەوروبەری دەبێت.

لە حاڵێکدا کە ژینگەپارێزان بە شێوەی بەردەوام هەوڵی نۆژەنکردنەوەی ئەو گۆلە دەدەن و پێش بە لەنێوچوونی ئێکۆسیستەمی دەگرن، لە بەرانبەردا ڕێژیم بە هەوڵە سیستەماتیک و بەرنامە دژە ژینگەییەکانی هەوڵ بۆ لەنێوبردنی ئەو ژینگەیە دەدات.

زرێبار دەکەوێتە ٥ کیلۆمەتریی شاری مەریوان لە پاریزگای سنە و گەورەترین گۆلی ئاوی شیرین لە کوردستان و ناوچەکەیە.