
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژینگە و لێڕەوارەکانی کوردستان لە شارەکانی "سەردەشت، گێڵان و بیجاڕ" ئاگریان تێبەردرا و بە سەدان هێکتار لە ژینگەی کوردستان زیانی پێ گەیشتووە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژ، لە گوندی "تیت" لە ناوچەی ئالانی سەردەشت ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانی ئەو ئاواییە بەردرابوو و ئاگرەکە هەتا نزیک ئاوایی "بەردان" پەرەی سەندبوو.
ئەو ئاگرە لە کاتێکدا بووە کە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لێی نزیک بوونە و هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە نەدابوو.
بە وتەی خەڵکی ئەو ناوچەیە گومان لەوە دەکرێت کە ڕێژیم بەئەنقەست و بە بیانووی حوزووری هێزی پێشمەرگە ئاگری لە ژینگەی ئەو ناوچەیە بەردابێت.
لەو ئاگرەدا زیاتر لە ١٠ مین تەقیوەتەوە و هەڕەشەی لە ژیانی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە و ئاژەڵە کێوییەکان کردووە.
ئاگرەکەی گوندی "تیت" بووەتە هۆی زیانێکی زۆر لەو کەسانەی کە خەریکی بنێشت کردنن و داهاتی خۆیان لەو ڕێگەیەوە دابین دەکەن.
لە ڕەوتی ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستاندا ئاگر لە ژینگەی شاری "گێڵانـ"ـی سەر بە کرماشان بەردراوە و زیاتر لە ٢٠ هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو شارە زیانیان پێ گەیشتووە.
بە هەوڵ و ماندووبوونی خەڵک و ژینگەپارێزانی ئەو شارە، دوای ٤ کاتژمێر بەربەرەکانێ ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا ئاگرێکی گەورە لە کێوی "نقارە کووبـ"ـی بیجاڕ بەربووە و سەرەڕای زەرەر و زیانێکی زۆری ژینگەیی، سیمای شاری بەتەواوی شێواندووە.
ئەو ئاگرە لە دوای چەندین کاتژمێر لەلایەن خەڵک و چالاکوانانی شاری "بیجاڕە"وە کۆنترۆڵ کراوە.