کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

12:59 - 17 جۆزەردان 2720

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسداران و مۆرەکانیەوە ئاگریان تێبەردراوە و هەتا ئێستاش ئەو ئاگرتێبەردانانە بەردەوامە و بەشێکی زۆر لە ژینگە و سروشت بەهۆیەوە لەنێو چووە.

لە درێژەی ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لەلایەن نەیارانی ژینگەوە، ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردان، دارستانەکانی دەوروبەری بەنداوی "گاڕانـ"ـی مەریوان ئاگریان تێبەردرا و بەشێکی بەرچاو لە دارەکان و لێڕەوارەکانی ئەو شوێنە لە ئاگردا بوون بە خەڵووز.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەنێوان گوندەکانی "چنارە" و "چاڵی سوور" ڕووی داوە کە بووەتە هۆی سووتانی ڕووبەرێکی زۆر لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئەو ناوچەیە.

سەرەنجام ئاگرکەوتنەوەکەی چنارە بە هەوڵ و هیممەتی ئەندامانی کۆمیتەی بەرەنگاریی قەیرانی "ئەنجومەنی سەوزی چیا" و ژینگەپاریزان کۆنترۆڵ کرا.

لەلایەکی دیکەشەوە و لە هەمان ڕۆژدا دارستانەکانی ناوچەی ژاوەرۆ لە گوندی "ئەوێهەنگ"، ئاگریان تێبەردرا و خەسارێکی زۆر بەر ژینگەی ئەو ناوچەیەش کەوت.

ئاگرکەوتنەوەکان لە سنەش بەردەوام بووە و دارستانەکانی "حەسەن ئاوا"ی سەر بە سنە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و زیاتر لە هێکتارێک لە ژینگەی ئەو شوێنەش لە ئاگردا سووتا کە ئەو ئاگرەش تەنیا لەلایەن خەڵکی نیشتماندۆستەوە و بەبێ هەبوونی هیچ کەرەستەیەکی پێویست کوژێندرایەوە.

بەگشتی و بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم، لە ٧٤ ڕۆژی ڕابردوودا ٢٤٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ١١ پارێزگای کوردستان و ئێراندا ڕووی داوە کە ئاگرکەوتنەوەکان زۆر زیاتر لەو ئامارانەشە کە ڕێژیم بڵاوی دەکاتەوە.

ماوەی زیاتر لە یەک حەوتوویە کە ئاگرتێبەردان لە دارستانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەربڵاو چڕ بووەتەوە و هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوانە ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمە و ئەوە تەنیا خەڵک و ژینگەپارێزانن کە ئاگرەکان کونترۆل دەکەن و دەیانکوژێننەوە.