کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان خەسارێکی زۆریان بە ژینگەی "مەریوان" گەیاندووە

12:46 - 9 پووشپەڕ 2721

"ئازاد نامداری" سەرۆکی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم لە "مەریوان" وتوویەتی لە ڕێکەوتی ٢٠ی مانگی بانەمەڕ هەتا کۆتایی مانگی جۆزەردان ٣٢ جۆری ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان ڕوویداوە و لە ئاکامدا ٢٣٣ هێکتار و ٥١٣ میتری چوار گۆشە لە دارستانەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتاون.

بەپێی ئاماری ئەو ئیدارەیەی ڕێژیمی ئێران، زۆرترین ڕێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە ڕێکەوتی ١٦ی بانەمەڕ لە گوندی "کەڵە وێنجە" بووە کە زیاتر لە ٤٩ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.

ئەگەرچی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی "مەریوان" ٣٢ حاڵەت ئاگرکەوتنەوەی تۆمار کردووە، بەڵام ئەنجومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان ڕایگەیاندووە بە گشتی لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی هەتا ١ی پووشپەڕ، ١١٩ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان ڕووی داوە و تەنیا لە سێ ئاگرکەوتنەوەدا ١٢٥ هێکتار لەو دارستانانە لە ئاگردا سووتاون.

ئەنجومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان ڕایگەیاندووە ئەو ئامارەی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی مەریوان ئامارێکی چەواشەکارانەیە.

ئەگەرچی ئامارێکی ڕوون لە ئاگرکەوتنەوەکان لەبەردەستدایە و هەتا ڕادەیەکیش هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان ئاشکرایە بەڵام کاربەدەستانی پێوەندیدار هەتا ئێستا هیچ هەوڵێکیان بۆ پێشگرتن لە ئاگرکەوتنەوەی ئەو دارستانانە ئەنجام نەداوە.