کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان زیانێکی بەرینی بە ژینگە و ئێکۆسیستمی زاگرۆس گەیاندووە

12:20 - 31 جۆزەردان 2721

زیاتر لە ١٠ ڕۆژی بەردەوامە، دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگردا دەسووتێن و بەهۆی نەبوونی پێداویستی و کەرەستەی ئاگرکوژێنەوە هەر جارە و بەشێکی ئەو ژینگە پان و بەرینە دەبێتە خەڵووز.

لەحاڵێکدا کە ژینگەپارێزان و خەڵکی ژینگەدۆست داوای کەرەستەی ئاگرکوژێنەوەیان کردبوو، ڕێکخراوی "مانگی سوور"ی ڕێژیم کەرەستە و هێلیکۆپتێرەکانی خۆی خستبووە خزمەت بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکان.

بیکیفایەتیی ڕێژیم بەرانبەر بەو بابەتە گرینگە و هەوڵی خۆمەشی خەڵک بە کەمترین کەرەستەوە جگە لە زیانی مادی زیانی گیانیشی بەدواوە بوو.

جگە لە زیانی گیانی گەیاندن بە ژینگەپارێزان و ئەو کەسانەی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان دەدەن، بەهۆی بەرینبوونی ئاگرکەوتنەوەکان ڕێژەیەکی بەرچاو لە ئاژەڵە کەم وێناکانی ئەو ناوچەیەش لە ئاگردا سووتاون و ئەمە وەک ژینۆسایدێکی ژینگەیی چاو لێ دەکرێت.

بەدەر لەوەی کە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم دەستێکی باڵایان لە گڕتێبەڕدانی ژینگەدا لەپێناو سیاسەتی "زەوینی سووتاو"دا هەیە، هەر بە شێوەی ئاشکراش خۆ لە یارمەتیدانی ژینگەپارێزان و هەوڵ بۆ ڕاگرتنی ئاگرەکان دەبوێرن.

"UNEP" یان "گەڵاڵەی ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان" کە هەر ساڵە دروشمێک بۆ ڕۆژی ژینگە هەڵدەبژێریت، دروشمی ئەمساڵی کردووە بە "نۆژەنکردنەوەی ئێکۆسیستم"، بەڵام ئەمە لە ئێراندا پێچاوەنەیە و ڕێژیمی داگیرکەر لەو وڵاتەدا ژینۆسایدی ژینگەیی دەخولقێنێت.