کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان درێژەی هەیە

11:54 - 4 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی سووتاندن و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، ئەمجارە ئاگر لە پووش و پاوان و گەنمی خەڵک بەردرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٣ی پووشپەڕ، بەهۆی هۆکارێکی ناڕوون، پووش و پاوان و بەشێک لە گەنمی جووتیاران لە نزیک سیلۆی گەنمی نێوان شنۆزەنگ، کیلێ و بەلەبانی پیرانشار ئاگریان گرت.

وەک هەمیشە ئەم ئاگرە بە هەوڵی خەڵک و ژینگەپارێزانی کوردستان کۆنترۆڵ کراوە و پاش کوژاندنەوەی ئاگرەکە، تیمێکی ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەی گردکشانە گەیشتوونەتە شوێنی ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکە.

هەر لەم ڕاستایەدا، بەشێوەیەکی بەردەوام ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی مەریوان بەردەدەرێت و خەڵک و ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزی لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانەدان.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کە بە درێژایی ماوەی دەسەڵاتی، بە چاوێکی ئەمنییەتییەوە سەیری کوردستانی کردووە، ئێستا دەیهەوێت بە لەنێوبردنی ژینگەی ئەم نیشتمانە، بە بیری خۆی، ڕێگا و شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگە لەنێو ببات.

ئەم هەوڵانەی ڕێژیم، تەنیا لە چوارچێوەی سروشت و دارستانەکانی کوردستان نەوەستاوەتەوە، تەنانەت گەیشتووەتە  پارک و سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانیش.