کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان لە "گێڵان" بەردەوامە

13:17 - 7 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بۆ جارێکی دیکە، دارستان و لێڕەوارەکانی بەشێکی تر لە گێڵان، ئاگری تێبەردرا و ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتا.

"کوورش مەحموودیان"، فەرمانداری گێڵان، ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی دیکە لە بەرزاییەکانی بەرانبەر گوندی "کانی چەرمگی ڕووتەوەن"، سەر بە بەشی "گواوڕ" لە گێڵان، ١٠ هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئەو بەرزاییانە سووتاوە.

هەر لەم پێوەندییەدا و لە ماوەی ڕابردوودا، بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە مەزراکانی گوندی "قەڵەمە"ـی دەشتی زەهاو لە شاری سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشاندا، زیاتر لە ۷۸.۱ هێکتار لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە سووتاوە، کە ۱۵.۱ هێکتاری مەزرای خەڵک و ۶۳ هێکتاریشی لەوڕگە بووە.

سەرەڕای چالاکیی ژینگەپارێزیی دامەزراوە ژینگەپاریزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەوڵ بۆ پیشگرتن بەو چەشنە ڕووداوانە، هەنووکەش بەرپرسانی ڕێژیم ئاوڕێکی جیددی لەو دۆخە نادەنەوە و ئاگری گیانی دارستانەکان تەنیا بە دەست خەڵک و ژینگەپارێزان دەکوژرێتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا، زیاتر لە ٩٠ هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکان و ١٠٠ هێکتار لە مووچە و مەزرای گەنمی ئەو پارێزگایە لە ئاگردا سووتان و بوون بە خۆڵەمێش.