کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوەکان لە ئێران بەردەوامە

12:35 - 4 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەکانی شوێنە گرینگەکانی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت تاران، ئەمجارە شوێنی نیشتەجێبوونی هەندێک لە فەرماندە پلە باڵاکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە تاران ئاگری تێبەربوو.

ئاگرکەوتنەوەکانی وزەخانە، کارخانە، کارگا و شوێنە گرینگەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و ئەمجارە "شارەکی دەقایقی" لە ڕۆژهەڵاتی تاران، لە ناوچەی "لەویزان" کە شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێک لە فەرماندە پلە باڵاکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانە تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو.

ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، "حەمید هەداوەند" جێگری سەرۆکی پۆلیسی تاران، لە پەیوەندی لەگەڵ هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوەیەدا ڕایگەیاندووە: "لە نزیکیی شارەکی دەقایقی، کابلێکی کارەبا تووشی شۆرتی کارەبا بووە و چەخماخەکانی ئەو کابلانە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە فەزای سەوزی دەوروبەری خۆی".

شارەکی "دەقایقی" یەکێک لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی بەرپرسان و فەرماندەرانی پلە باڵای سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێژیم، وەکوو "موحسێن ڕەزایی"، "محەممەدباقر قالیباف" و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" بووە.

شرۆڤەکارانی ئێرانی لەو بارەوە وتوویانە کە ڕوودانی ٢٠ ئاگرکەوتنەوەی جێی گومان لە کەمتر لە چەند حەوتوودا ئاسایی نییە، بەڵکوو نیشاندەری دۆخێکە کە هەوڵ دەدرێت هۆکارەکەی بە نهێنی بمێنێتەوە.

زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە شوێنە ئەمنییەتی و ستراتیژیکەکان و هەروەها شوێنە نیزامییەکاندا ڕوویان داوە.

لە نموونەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە کە زیانێکی بەرچاوی بەدواوە بووە، تەقینەوەی وزەخانەی ناوکیی نەتەنز بووە کە چالاکیی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی تووشی گرفت کرد.