کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دارستانەکانی بانە لە لایەن خەڵکەوە کۆنتڕۆڵ کرا

12:53 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی هەیە و ڕێژیمی ئێرانیش هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکانە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دارستان و لێڕەوارەکانی کێوی ئاربابای بانه لە ئاگردا سووتا کە ئەم ئاگرە هەتا درەنگانی شەو درێژەی هەبوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ئەو ئاگرە هەتا کاتژمێر ١:٤٠ خولەکی شەو درێژەی هەبووە بەڵام بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نەداوە.

بە هۆی بەربڵاویی ئاگرەکە، ئەنجوومەنی "پاژین" داوای لە خەڵک کرد کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە کۆ ببنەوە و کۆنتڕۆڵی بکەن.

دوای ئەو بانگەوازەی ئەنجوومەنی پاژین خەڵک خۆیان ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ئاشکرای کرد کە ئەو ئاگرکەوتنەوەیە دەستی بە ئەنقەستی تێدا بووە

بەگشتی سووتاندنی دارستانەکان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، لە پیلانە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەات کە ژینگەی کوردستان تێک بدات.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو ئیدارانەی ڕێژیم کە ئەرکیان پاراستنی ژینگەیە، کەمترین چالاکی و هێزی ئینسانیان هەیە و ڕێژیم بوودجەی پێویستیان بۆ دابین ناکات تاکوو بتوانن ئەرکەکانی خۆیان لە پاراستنی ژینگە جێبەجێ بکەن.

ڕێژیمی ئێران گەورەترین دوژمنی نەتەوەی کورد و سروشتی کوردستانە و بەدرێژایی تەمەنی خۆی هەموو هەوڵی خۆی داوە کە کوردستان لەنێو بەرێت و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە تاڵان بکات.

بەوتەی خەڵکی کوردستان و چالاکانی ژینگەپارێز ئاگرکەوتنەوەکانی کوردستان بەتایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەستی بەئەنقەستی ناوەندە سەربازی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی تێدایە و دەیانهەوێ جیا لە خەڵک، سرووشتی کوردستانیش داپڵۆسێنن.