کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس، گەیشتە مەزراکانی خەڵکیش

12:01 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: مۆرەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران، پەرە بە ئاگری دارستانەکانی زاگرۆس دەدەن و مەزرا و باخاتی خەڵکی کوردستانیشیان کردووەتە ئامانج.

بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە مەزراکانی گوندی "قەڵەمە"ـی دەشتی زەهاو لە شاری سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشاندا، زیاتر لە ۷۸.۱ هێکتار لە زەوییەکانی ئەو ناوچەیە سووتاوە، کە ۱۵.۱ هێکتاری مەزرای خەڵک و ۶۳ هێکتاریشی لەوڕگە بووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، ڕۆژی دووشەممە، ۱۳ی جۆزەردان، بڵاوی کردووەتەوە کە دیسان دوژمنانی سروشتی کوردستان، ژینگەی کوردستانیان لە دەوروبەری شاری مەریوان ئاگر تێبەرداوەتەوە و بووەتە هۆکاری سووتانی سروشتی ئەو ناوچانە.

لەم بارەیەوە، ئەنجومەنی سەوزی چیا ڕایگەیاندووە: "ئاگری ناحەزان کەوتە گیانی دارستانەکانی ئاوایی هانەگەرمەڵە لە ناوچەی هەورامان و زیاتر لە ۳ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیەی سووتاندووە".

لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، کاولکارییەکانی ژینگەی کوردستان و دارستانەکانی دەوروبەری شاری مەریوان زۆرتر بووە و لەم بارەیەشەوە و لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا، ڕۆژانە بەردەوام هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و ژینگەی دەروبەری شاری مەریوان بڵاو بووەتەوە.