کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دوژمنان شوێنە گەشتیارییەکانی کوردستانیشی گرتەوە

13:11 - 1 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئاگری داگیرکەرانی کوردستان، سەیرانگا و شوێنە گەشتیارەکانی شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە و بەربەرکانێکانی خەڵکی کوردستانیش لە بەرامبەر ئەو پیلانەی دوژمناندا بەردەوامە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەرلەئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، ئاگری نەیاران و دوژمنانی گەل و نیشتمانەکەمان گەیشتە پارک، سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانی شاخی "ئاویەر" لە شاری سنە و زیاتر لە ٤ هێکتار لە دارستانی شوێنە گەشتیارییەکان و سەیرانگاکانی ئاویەر سووتاون.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەم بارەیەوە، ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی کە ئاگرەکە پەرەی ستاند و لە لایەن خەڵکی ئەو شارەوە هەوڵی کوژاندنەوەی دەدرا، هاوکات ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژم و بەتایبەت ناوەندی ئاگرکوژێنەوەیان لەو شارەدا ئاگادار کردووەتەەوە، بەڵام وێڕای ئەوەی کە پاش کوژانەوەی ئاگرەکە لە لایەن خەڵکەوە گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرکەونتەوەکە، بە بیانووی ئەوەی کە شوێنی ئاگرکەونەوەکە جادە و ڕێگاوبانی بۆ نەچووە، تەنیا لە دوورەوە سەیری شوێنی ئاگرەکەیان کردووە و نەچوونەتە شوێنی ئاگرکەونەوەکە و گەڕاونەتەوە."

لە ماوەی ٣ مانگی سەرەتای ساڵی نوێی هەتاوییەوە، بەداخەوە زیاتر لە هەزاران هێکتار لە ژینگە، لەوەڕگە. لێرەوار، سروشتی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس لە ئاگری ڕق و کینەی نەیارانی کوردستاندا سووتاون.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران، لە پیلانێکی داڕێژراودا و لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژینگە، سروشت، دارستان و تەنانەت باخات و مەزرای خەڵکی کوردستانیشی کردووەتە ئامانج و بە چڕی لە ڕێگا جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵ بۆ کاولکاری و وێرانکردنی ناوچە کورددییەکان دەدات، بەڵام بەربەرەکانێکانی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هەوڵە نەزۆکانەی دوژمنانی نیشتمان و گەلەکەماندا بەردەوامە و ئەمەش تووڕەیی و ڕقی داگیرکەرانی لێ کەوتووەتەوە، بۆیە زۆر جار چالاکانی ژینگەپارێزی و خەڵکی مەدەنیش بەو بۆنەوە، بە بیانوو و تۆمەتی جۆراوجۆری بێبنەماوە دەستبەسەر دەکرێن.