کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دوژمنان، ڕەنجی خەڵکی کوردستانی بە خەسار برد

11:37 - 9 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێراندا، جیا لە سروشتی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس، مەزرای خەڵکی کوردستانیش لە ئاگری داگیرکەران و دوژمناندا، بە چاوساغیی بەکرێگیراوان دەسووتێت.

لە درێژەی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێراندا و بەتایبەتی پیلانی کاولکاری و لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان و دارستانەکانی زاگرۆس بە چاوساغیی خۆفرۆشان و بەکرێگیراوانی ئەو ڕێژیمە، لە قوناغی نوێی ئەو پیلانانەدا، مەزرا و باخات و تەنانەت کشتوکاڵی خەڵکی کوردستانیش دەکرێتە ئامانج و ڕەنجیان بە خەسار دەدرێت.

لەم پەیوەندییەدا، کاتژمێر ١٢ی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، ٧ و ٨ی پووشپەڕ، ئاگری بەکرێگیراوان و چڵکاوخۆرانی ڕێژیم لە شاری 'تیکابـ"ـی سەر بە پارێزگای ورمێ، باخات و مەزراکانی خەڵکی گوندی "قەجوور"یان کردووەتە ئامانج و ئەم ئاگرە تاکوو کاتژمێری ٥ی سەرلەبەیانی درێژەی هەبووە و بە وتەی شایەتحاڵان، ئاگر زیاتر لە ٣ هێکتار لە زەوی و مەزرای خەڵکی ئەو گوندەی سووتاندووە.

هەر لەم پەیوەندییە و لە هەمان ڕۆژدا، خۆفرۆشان و جاشەکان لە پیلانی نوێی ڕیژیمدا لە ناوچەی "بارووقـ"ـی شاری "میاندواو"ـی سەربە پارێزگای ورمێ، کە لە ٧٢ گوند پێک هاتووە، ئاگریان لە جاڕە گەنمەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرداوە و زیاتر لە ٥٠٠٠ هێکتار لە زەوی و جاڕە گەنمەکانی ئەو خەڵکە سووتاون و ڕەنجیان بە خەسار دراوە.

هەروەها، دیسان لە کاتژمێر ٣ و نیوی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا، جارێکی تر شوێنە گەشتیارییەکانی شاری سنە کراونەتەوە قوربانیی پیلانی ئاگری بەکرێگیراوانی سەر بە ڕێژیم لەو شارەدا و ئاگریان لە دارەکانی پارکی دارستانیی "تووش نەوزەڕ" بەرداوە کە ٤٠ خولەک ئاگرەکە درێژەی هەبووە و زیاتر لە ٤ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شوێنە گەشتیارییەش سووتاون و لەنێوچوون.