بەبۆنەی نەورۆزی کوردەواری لە شار و گوندەکانی کوردستان ئاگری نەورۆز هەڵکرا و سەرەڕای ئاگری نەورۆز چالاکیی تەبلیغی بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات بەڕێوەچوو.
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردی لە "نییەر، نێ، تەنگیسەر، مەهاباد، مەریوان و سنە" و چەندین شوێنی دیکەی کوردستان ئاگری نەورۆز هەڵکرا.
لە گوندی "گەزگەسکی پیران" سەر بە شاری پیرانشار ئاگری نەورۆزی ۲۷۲۰ی کوردی هەڵکرا و هەروەها لاوانی کوردستان بە جلوبەرگی کوردەواری شایی و هەڵپەڕکێیان کرد.
لە گوندى "توراخ تەپه"ی سەرشيوی مەريوان و هەروەها لە گوندی سەردۆش خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان؛ ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد.
لەو مەراسمە نەورۆزییەدا بەشداربووانی مەراسمەکە بە جلوبەرگی کوردی بەشدار بوون و کیژانی قارەمان ئاگری نەورۆزیان هەڵکرد.
هەر بەم بۆنەوە لە گوندی تەنگیسەر لاوانی ئەو گونده ڕایانگەیاندووە، ئێمە وەکوو ئەندامان و لایەنگەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە تەنگیسەری هەمیشە قارەمانەوە ساڵی تازە لە هەموو کوردستان پیرۆزبایی دەکەین.
بۆ جارێکی دیکە پەیمانی خۆمان لەگەڵ شەهیدان نۆی دەکەینەوە و ڕادەگەیەنین درێژەپێدەری ڕیگای شەهیدانین.
هاوکات پەیمان نوێ دکەینەوە و بە شانازییەوە دەڵێین هەتا ماوین سەر لەپێناوی نیشتمانین.