کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵای داگیرکەر لەسەر تابووتی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە دەدڕێندرێت

11:34 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران تەرمی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لە ئاڵای خۆیدا ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردەوە، خەڵک ئاڵای ڕێژیمیان دڕاند.

ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانبار لە "مەهاباد"، بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، تەرمی ڕۆڵەکانیان لە ڕێژیم وەرگرتەوە و ئاڵای ڕێژیمی ئێرانیان لە تابووتەکان کەندەوە.

بنەماڵەی قوربانییان ئیزنیان نەدا کە تەرمی ڕۆڵەکانیان کە بە ئاڵای داگیرکەرەوە وەرپێچرابوو، وەربگرنەوە.

لە سنەش لە گۆڕستانی "بەهەشتی محەممەدی"، لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی دوکتور "ئاروین مورەتەب" و دوکتور "ئایدا فەرزانە" کە لە فڕۆکەی ئوکراینی بە مووشەکی سپای تیرۆریست گیانیان لەدەست دا، خەڵک مەرگ بە تێرۆریستیان دەوتەوە.

هاوکات خەڵک سروودی "ئەی شەهیدانـ"ـیان یەکدەنگ وتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوای ئەوەیکە بەناو "تۆڵەی توند" هێرشی کردە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، پەدافەندی سپای تێرۆریستی پاسداران فڕۆکەیەکی ئۆکراینیی بە نزیک ١٨٠ موسافیرەوە کردە ئامانج.

ڕێژیم سەرەتا نکۆڵیی لەو تاوانە دەکرد، بەڵام دواتر دانی بەو کردەوە جینایەتکارانەی خۆیدا نا.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، سپای تێرۆریستی پاسداران، فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراینیی بە دوو مووشەک کردە ئامانج و لە ئاکامدا نزیکەی ١٨٠ قوربانیی لێکەوتەوە کە ١٢ کەسیان "کورد" بوون.