کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵای کوردستان، چۆکی بە داگیرکەری دڵ پڕ لە قین دادا

12:40 - 12 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە نوێترین دانیشتنی بەرپرسان و مۆرە دەستنیشانکراوەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیس، ئاڵای کوردستان و کڕنۆشی "محەممەدجەواد زەریف" شابەیتی کۆبوونەوەی مەجلیس بوو.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دوای ئەوەی کە "عەلیڕەزا مەحجووب و نادر قازیپوور" دوو مۆرەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، پرسیاریان لە "محەممەدجەواد زەریف" کردبوو، کە بۆچی ڕێزی لە ئاڵای کوردستان گرتووە، ناوبراو وتی: "بڕیاری بەشداریی من لە ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی تاڵەبانی لە باڵاترین ئاستی ئەمنییەتی وڵاتدا گیرا و منیش بەشداریم کرد".

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا لەوپەڕی نەبوونی ئەدەب و تێگەیشتوویەوە باسی لەوە کرد، کە لە ڕێورەسمی دانانی تاجەگوڵینە، تەنیا کەسێک کە لە بەرانبەر تەرمی تاڵەبانیدا سەری دانەنواند من بووم. هەروەها ئێمە بەو کارە بە بارزانیمان ڕاگەیاند کە دژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمین.

دوای ئەو لێدوانە سەخیفانەی محەممەدجەواد زەریف، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی جیاواز وڵامی ناوبراویان داوە.

لەو پێوەندییەدا، "هێمن هەورامی" ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان (PDK)، وڵامی قسەکانی محەممەدجەواد زەریف، وەزیری کاورباری دەرەوەی ئێران دایەوە.

"هێمن هەورامی لە وڵامی قسەکانی زەریفدا وتوویەتی: "وەزیری دەرەوەی ئیران، محمدجەواد زەریف، لە بارەی ئاڵای کوردستانەوە، چەند بابەتیکی تێکەڵ کرد. زۆرجار خەڵکی ناشارەزا و بەرچاوتەسک و کینە لە دڵ، لێدوان و دەربڕینی بێسەروبەر دەدەن و کەس لێیان ناگرێت، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرسوڕمانە و باوەڕمان نەدەکرد، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە بە کەسێکی دیپلۆمات و ئاکادیمی و بەڕێز ناسراوە، ئەو جۆرە لێدوان و قسانەی لێ ببیستین. 
"هێمن هەورامی باسی لەوەش کردووە: "دانانی ئاڵای کوردستان بۆ هەر کورد و کوردستانییەک، جێگای سەربەرزی و شانازیەکی زۆرە. لە بارەی ڕێفراندۆمەوە، ئەوە مافێکی سروشتی هەموو گەلێکە لە چوارچێوەی بڕیاردان لە مافی چارەنووس بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دێموکراسییانە و کارێکی دروست و ڕەوای گەلی کوردستان بووە. ئەگەر هەڵە بوایە ، گەلی کوردستان بە ٩٣% دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی نەدەدا. ئەوەی هەڵە بوو، دژایەتی ئەو پرۆسە ئاشتیخواز و دێموکراسییانەی گەلی کوردستان بوو. ورووژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتەدا و بەم شێوەیە و دەربڕینی هەڵوێستی ناڕەوای وەها بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، بەدڵنیایەوە کێشە نێوخۆیییەکانی ئێران چارەسەر ناکات.

لێداوان و قسەی بێڕێزییانە و دوور لە ئاکاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، شتێکی سەیر نییە و وەک نەریتێکی لێ هاتووە، کە کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە لە قسەکانیاندا بەکاری دێنن. ئەوەش وەک میراتێکە کە لە خومەینی بەجێ ماوە و کردوویانەتە سەرباشقەی کارەکانی خۆیانەوە.