کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵتێرناتیڤی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان بانگەواز بۆ چۆڵکردنی ماڵەکانە

12:17 - 10 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە کاتە قەیراناوییەکاندا، لە جیاتی دابینکردنی شوێن و پێداویستییە سەرەتایییەکان بۆ خەڵکی لێقەوماو، ئاڵتێرناتیڤگەلی سەیر و سەمەرە بەکار دێنن؛ بەرپرسانی ڕێژیم بانگەوازی چۆڵکردنی ماڵەکان لە کرماشان دەدەن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە شارۆچکەی کەڕناچی لە پارێزگای کرماشان، بە گەڕان لە نێو کۆڵانەکاندا بانگەوازی ئەوەیان کردووە، که خەڵک ماڵەکانیان چۆڵ بکەن؛ هەروەها لە جوانڕۆیش بانگەوازیان کردووە که ئەگەری هاتنی لافاو هەیە و دەبێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

بەپێی پێشبینییەکانی ستادی قەیران، هەندێک لە شوێن و ناوچەکانی پارێزگای کرماشان وەکوو شوێنە پڕمەترسی و قەیراناوییەکان ناسراون و هۆشداریی بە خەڵکی ئەو شوێنانە دراوه، کە لە کاتی پێویستدا ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

 شەقامی حەداد عادڵ، تەنگەی کنێشت، ڕووباری چەم بەشیر، شارۆچکەی کەڕناچی، گەڕەکی چیاگوڵان، ، شارۆچکەی دێپەن و هەروەها ڕووباری ئاوشۆران و پردی لێوئاو ئەو شوێنانەن، کە دۆخیان قەیراناوی ڕاگەیەندراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە جیاتی دابینکردنی شوێن و پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ گوزەرانی ژیان لە کاتە قەیراناوییەکاندا لە ئاڵتێرناتیڤگەلی سەیر و سەمەرە وەکوو گەڕان لە کۆڵانەکاندا و بانگەوازی چۆڵکردنی ماڵەکان کەڵک وەر دەگرن، لە حاڵێکدا کە ئەرکی سەرەکیی کاربەدەستانی ڕێژیم دابینکردنی پێداویستییەکان و کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی ڕووداوەکانە.