کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان بەتەمایە گەمارۆی نوێ بخاتە سەر ڕێژیمی ئێران

11:34 - 1 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: وڵاتی ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکانی نێو ئورووپا گومانی لە ڕێژیمی ئێران هەیە و بەو هۆیە بەتەمای دانانی گەمارۆی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێرانە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕۆژنامەی ئاڵمانی "زۆد دۆیچە" و هەروەها هەندێک لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی ئاڵمان بڵاو بووەتەوە، پێدەچێت ئیدارەی فیدڕاڵی ئاسمانیی ئاڵمان مۆڵەتی گەشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای "ماهان ئایر" ڕابگرێت.

فڕۆکەکانی "ماهان ئایر" سێ جار لە هەفتەدا بۆ "دۆسێلدۆرف" و یەکجاریش بەرەو "مونیخ" سەفەر دەکەن، ئەم کۆمپانیا ئاسمانییە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە لە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکایە و بەپێی زانیارییەکان بەرپرسی ئەم کۆمپانیایە، پاسدار حەمید عەرەبنژادە.

ئامریکا ئەم کۆمپانیایەی بە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و کەسانی شەڕکەر بۆ سووریە تاوانبار کردووە و هەروەها وتوویەتیشی، کۆمپانیای ماهان ئایر، یەکێک لە گرینگترین و گەورەترین پێکهێنەرانی کێشە و دۆخی ئێستەی خەڵکی سووریە بووە.

کۆماری ئیسلامی بە درێژایی دەسەڵاتی سەرەڕۆوانەی خۆی هەوڵی داگیرکاری و دەستێوەردانی لە وڵاتانی جیهاندا داوە و بە بەردەوامیش نکۆڵی لە کردەوە دژەمرۆڤانەکانی لەو وڵاتانەدا کردووە و پاساوی بۆ هێناونەتەوە.