کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان لە بازاڕەکانی ئێراندا دەکشێتەوە

13:38 - 21 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: وڵاتی ئاڵمان لە بازاڕەکانی ئێراندا دەکێشتەوە و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ساڵی نوێی زایینیدا بە ڕێژەی نزیک بە ۶۰ لەسەد دابەزیوە.

لەو ماوەی ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت لە دوو ساڵی ڕابردوودا، کە گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە چڕتر کراوەتەوە و گوشارەکانی سەر ڕێژیمی تاران بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتە و کردەوەکانی ئەو ڕێژیمەدا زۆرتر بوونە، زۆربەی وڵاتانی جیهان کە پەیوەندی بازرگانییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هەبوو، لە بازاڕەکانی ئێراندا کشاونەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆکاری قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران و بەتایبەتی زیادتربوونی قەیرانی دارایی و ئابووری لەو وڵاتە.

لەم بارەیەوە، هەواڵدەرییەکانی وڵاتی ئاڵمان بەپێی ئاماری بڵاوکراوەی ناوەندی ئاماری ژووری بازرگانی ئاڵمان، ڕایانگەیاندووە کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان وڵاتی ئاڵمان و ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و هۆکاری سەرەکیشی بۆ گەمارۆکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی ئەو ئامارە، لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی ۲۰۱۹ی زایینیدا، ڕێژەی هەناردەکردنی ئاڵمان بۆ ڕێژیمی ئێران تەنیا ۲۳۳ میلیۆن یورۆ بووە، کە بەپێی بەراورد لەگەڵ یەک ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ۵۲.۶ لەسەد دابەزیوە و هاوردەکردنی ئاڵمانیش لە ڕێژیمی ئێران، تەنیا ٤۱ میلیۆن یورۆ بووە و بە ڕێژەی ٤۲.۲ لەسەد دابەزیوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە ڕێژەی زیاتر لە ۱۵۰ کۆمپانیای جۆراوجۆری ئاڵمانی کە لە ساڵانی ڕابردوودا گرێبەستی بارزگانی و ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا واژۆ کردبوو و لە بازاڕەکانی ئێراندا بوونیان هەبووە، زیاتر لە ۹۰ کۆمپانیا لە وڵاتی ئێراندا کشاونەتەوە و لە ئێستادا تەنیا ۶۰ کۆمپانیای ئەو وڵاتە لە بازاڕەکانی ئێران ماونەتەوە، کە ئەو ڕێژەیەش ڕوو لە کشانەوەن.

پێشتریش وڵاتی ئاڵمان و وڵاتانی تری ئورووپایی، گەمارۆیان خستە سەر چەند کۆمپایایەکی ڕێژیمی ئێران و بەتایبەتی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "ماهان ئایر"، کە لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بۆ ئاسانکاریی چالاکییە تێرۆیستییەکانی خۆی و گواستنەوەی هێز میلیشیاکان و کەرەستە و کەلوپەلە سەربازییەکان بۆ وڵاتانی ناوچەکە و پەرەپێدانی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی ڕێژیم دامەزراوە.