کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ ناوەندێکی گرینگی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپایه

12:35 - 26 پووشپەڕ 2721

''نووسینگەی پشتیوانی لە یاسای بنەڕەتیی هامبۆرگ'' لە ڕاپۆرتێکدا کە لەم دواییانە بڵاوی کردووەتەوە، ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ کە مزگەوت و کۆمەڵەیەکی مەزهەبییە و بە پشتیوانیی ئاخوندەکانی شیعەی ئێرانەوە دامەزراوە، بە ناوەندی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا وەسف کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاڵمانیی ''ئار، تی، ئێل''، ''مارکوۆهاس'' وتەبێژی ئەو نووسینگەیە، ڕۆژی هەینی ٢٥ی پووشپەڕ ڕایگەیاند کە چەندین بەڵگە بە ئێمە گەیشتووە ''محەممەد موفەتێح'' پابەندی فەرمانەکانی ڕێژیمی ئێرانە، هەر بۆیە ئەو ناوەندە جێگای متمانە نییە.

بە وتەی ''هاس'' ئەو بەڵگانە نامەکانی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەخۆوە دەگرێت و ئەمە دەیسەلمێنێت کە ''موفەتێح'' جێگری فەرمیی "خامنەییـ"ـە و لە چەندین نامەدا کە بۆ موفەتێح نووسراوە، ناوبراو بە نوێنەری خامنەیی لە ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ ناو دەبەن.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، بەڵگەی دیکەش لەبەر دەستدایە کە پیشان دەدات ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن دەوڵەتی ئاڵمانەوە وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناسراوە پێوەندیی نزیکی هەیە.

''دێنیس گلادیاتۆر'' کارناسی نێوخۆیی گرووپی پارلمانیی ''سی دی یوو'' لەو بارەوە وتوویەتی: ''وڵاتێکی دێموکراتیک و شارێکی ئازاد نابێت بە ڕێکخراوی لەم چەشنە کە دژبەری یاسای بنەڕەتین ئیزنی چالاکیی فەرمی بدات و ئێستا سەلمێنراوە کە ناوەندی ئیسلامیی هامبۆرگ لە بواری ڕێکخستن و بیر و باوەڕەوە ناوەندی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە''.