کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان هەڕەشەی گەمارۆی ئابووریی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران کرد

17:02 - 20 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەروەی ئاڵمان هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێککەوتنی بەرجام، دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی یەکیەتیی ئورووپا بۆ سەر ئێران.

"هایکۆ ماس"، وەزیری دەروەی ئاڵمان، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، لە پەراوێزی دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا لە بروکسێڵ هەڕەشەی کرد کە یەکیەتی ئورووپا ئەگەری زۆرە بە هۆی پێشێلکردنی بەرجام، گەمارۆ ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران، وەگەڕ بخاتەوە.

وەزیری دەروەی ئاڵمان جەختی کردەوە، ئێمە دەمانهەوێت بەرجام بپارێزین، بەڵام دبێت ڕێژیمی ئێرانیش بیپارێزێت و بگەڕێتەوە سەر بەڵێنییەکانی خۆی؛ وەگەر نا یەکیەتیی ئورووپا ئەو مافەی بە خۆی دەدات کە هەموو مکانیسمەکان کە لە بەرنامەی بەرجام دانراون، بەکاریان بێنێت.

ناوبراو، باسی لەوەش کرد لەگەڵ هاوتاکانی خۆی لە بریتانیا و فەرانسە لە هەمبەر هەڵوێست و هەوڵەکانی داهاتوو لەم ڕاستایەدا ڕاوێژ دەکات.

بە ڕای کارناسان هەر هەنگاوێک لە ڕاستای پیتاندنی زیاتر لە ٢٠ لەسەدی ئۆرانیۆم، دەتوانێت ڕەوتی بەرهەمهینانی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم ئاسانتر بکات.