کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان واز لە وزەخانە ناوکییەکانی خۆی دێنێت

11:16 - 12 بەفرانبار 2721

وڵاتی ئاڵمان لە ڕاستای سیاسەتی خۆی لە کەڵکوەرگرتن لە وزە ڤەنوژەنەکان، لە شەش وەزخانەی ناوکیی خۆی سێ وزەخانەی داخست.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز'' دەوڵەتی ئاڵمان بڕیاری داوە کە خێرایی بە ڕەوتی تێپەڕین لە وزەی ناوکی بۆ وزەی ڤەنۆژەن بدات، ئەو وڵاتە ئەو ڕەوتەی دوای ئەوەیکە وزەخانەی فۆکۆشیمای ژاپۆن لە ساڵی ٢٠١١ بەهۆی بومەلەرزە و سۆنامی وێران بوو، دەست پێ کردووە.

وزەخانەکانی ''بروکدورف، گروهندە و گاندرمینگێن'' لە دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٠٢١ی زایینی دوای سێ دەیە چالاکی داخران، هەروەها سێ وزەخانەی دیکەی ئاڵمان بڕیارە بەپێی بەرنامە هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ کۆتایی بە چالاکییەکانی خۆیان بێنن.

ئاڵمان بەنیازە کە بە گەشەسەندنی ژێرخانەکانی وەزی "با و خۆڕ" تا ساڵی ٢٠٣٠ لە ڕێگای وزە ڤەنوژەنەکان ٨٠ لەسەدی بەرقی خۆی بەرهەم بێنێت.

ئەو هەوڵەی ئاڵمان لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران سێ دەیەیە کە بە تێچوویەکی یەکجار زۆرەوە و بە بەفیڕۆدانی سامانی ئەو وڵاتە نەیتوانیوە لە وزەخانەی ناوکیی خۆی کە ئیدعا دەکات بەرقی لێ بەرهەم دێنێت، وەگەڕ بخات.

ڕێژیمی ئێران کە بەهۆی چالاکیی بەرنامە ناوکییەکانی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی گەمارۆیەکی زۆری خراوەتە سەر و بە میلیاردها دۆلاری لەو بەرنامەیەدا کە بە مەبەستی سیاسی و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی کەڵکی لێ وەردەگرێت، هەوڵ دەدات بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو بەرنامەیە بەرەو پێش ببات.

لە حاڵێکدا ئێران سەرچاوەی لەباری بۆ کەڵکوەرگرتن لە وزە ڤەنوژەنەکان لەبەر دەستدایە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گوێی پێ نادەن.