کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئامریکا دەکات

12:18 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمان، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لە ئامریکا بە نیسبەت بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، داوای کردووە کە وڵاتی ئاڵمانیش کارێکی لەم شێوەیە بکات.

"یوورگێن هارت"، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمان، لە لێداوانێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دی وێڵت" پشیوانیی لە بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کردووە و خوازیاری ئەوە بووە کە کارێکی هاوشێوە لە لایەن وڵاتی ئاڵمانیشەوە بەرانبەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بکرێت.

هەروەها وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی دێموکراتە ئازادەکانیش لە مەجلیسی ئاڵماندا وتوویەتی: ئەوەی کە سپای پاسداران خراوەتە نێو لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە، بەردەوام بەرجام لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکاتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی خاکەلێوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بڕیارێکدا، ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیرانی بەفەرمی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و هەر جۆرە هاوکاریی و هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیەی وەکوو پشتیوانی لە تێرۆریزم وەسف کرد.

 بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕیژیمی ئێران، لە لایەن ئامریکاوە، کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و زۆربەی وڵاتانی دنیا پشتیوانیان لەم بڕیارەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش، نیزامییەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئافریقایان بە تێرۆریست ناو برد و بە مەبەستی دژایەتی لەگەڵ ئەم بڕیارەی ئامریکا، بە شێوازگەلی جیاواز دژکردەوەیان نیشان داوە.