کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان پێش لە گەشتەکانی ''ئێران ئەیر'' دەگرێت

12:30 - 29 رەشەمه 2719

''یورگ ڕادک''، سەرۆکی یەکیەتیی پۆلیسی ئاڵمان، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کۆنتڕۆڵنەکرانی فڕینی فڕۆکەکانی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ''ئێران ئەیر'' بۆ ئاڵمان، داوای ڕاگرتنی گەشتەکانی ئەو شیرکەتەی کرد.

ئێران بە گرینگترین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەناسرێت و زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی فڕۆکەخانەکانی خۆیان بە ڕووی فڕۆکەکانی ئیران داخستووە.

پێشتریش گەشتەکانی شیرکەتە فڕۆکەوانییەکانی ئێران بەهۆی سنووردارکردنیانەوە لەلایەن ئورووپاوە هەڵپەسێردراو بوون.

لە دوای زۆربوونی حاڵەتی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران، ئەم وڵاتە هۆکاری سەرەکیی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسەیە بۆ ئەو وڵاتانەی کە ئێرانییەکان سەفەری بۆ دەکەن.

تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ وڵات، لەوانە: "کانادا، ئاڵمان، فەرانسە، سوید، ئامریکا، نیووزلەند و بلاڕووس" و تەنانەت چین کە سەرچاوەی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە، موسافیرانی ئێرانیی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان شناسایی کردووە.