کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە

12:46 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: "ئه‌نگێلا مێركل"، سەرۆکی باڵای ئاڵمان دووپاتی كرده‌وه‌، جموجووڵه‌كانی ڕێژیمی ئێران له‌ ناوچه‌كه،‌ هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئیسرائیل، و بێرلین به‌ ته‌واوەتی له‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئیسرائیل تێ ده‌گات.

مێرکل له‌ وتووێژێکدا لەگەڵ ڕادیۆی ئیسرائیل، به‌ بۆنه‌ی ڕۆژی هۆلۆكاست وتی: "ئێران سیاسیه‌تێكی نادروستی هه‌یه‌ و بووه‌ته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل، ئه‌مه‌ ڕاسته‌ و ئێمه‌ به‌ ڕوونی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین".

له‌ باره‌ی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیلیش بۆ سه‌ر هێزه‌كانی ڕێژیمی ئێران له‌ سووریهدا، ناوبراو دووپاتی كرده‌وه‌، به‌گشتی دۆخی سووریه هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئیسرائیل، بۆیه‌ پێویسته‌ ئیسرائیل سوور بێت له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی و وڵامی به‌رگریكردن له‌ خۆی هه‌بێت، ده‌مانە‌وێت له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كار بكه‌ین، بۆ گارا‌نتیكردنی ئاسایشی ئیسرائیل، به‌تایبه‌ت بۆ ڕێگری له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی ئێران و میلیشیاكانی نزیک له‌ ڕێژیمی ئێران له‌ به‌رزایییه‌كانی گوڵان.

ئیسرائیل له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی، ماوه‌ ماوه‌ مووشه‌كبارانی بنکەكانی ڕێژیمی ئێران له‌ سووریه ده‌كات و له ‌نێویان ده‌بات، هەتا ئێستایش به‌ سه‌دان بۆردمانی له‌ سووریه ئه‌نجام داوه‌.

وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەردەوام هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە، کە کۆتایی به کردەوە تێکدەرانەکانی لە ناوچەدا بێنێت و ئیسرائیلیش لە هەمان کاتدا بەردەوام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دژی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکات و بوونی ئەو ڕێژیمە وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینێت.

عاموس گیلاد، بەرپرسی پێشووی دەفتەری ئەمنییەتی دیپلۆماتیکی وەزارەتی شەڕی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە: "ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک ئیزنی ئەوە نەدات، کە ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا خۆی بەهێز بکات".