کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەڕەشە لە ئیسرائیلی مەحکووم کرد

13:12 - 22 جۆزەردان 2720

"هایکۆ ماس" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان لە سەردانی خۆیدا بۆ ئیسرائیل داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد واز لە هەڕەشەکانی دژی ئیسرائیل بێنێت.

"ماس" لە دیدار لەگەڵ "گەبی ئەشکێنازی" وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوە کرد؛ سەرەوریی خاکی ئیسرائیل بۆ ئێمە هیچ کات جێگای مامەڵە نییە.

ناوبراو ڕوو لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران وتی، هەڕەشەی ڕێژیمی تاران لە ئیسرائیل بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت. ئێران شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەنێتەوە و ناکرێ چاوپۆشی لێبکەین.

"ماس" باسی لەوە کرد، ئێمە هەڕەشەی ئێران لە ئیسرائیل قەبووڵ ناکەین و کردەوە تێرۆریستییەکانیش بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین.

"عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی تاران ئیسرائیل بە "غودەی سەرەتان" لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەشوبهێنێت و هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات.

فەرماندەکانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن کە ئەو وڵاتە یەکێک له ئامانجه سەرەکییەکانی ئێمەیە.