کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان کردەوەیەکی تێرۆریستی پووچەڵ کردەوە کە وێدەچێ سەر بە ئێران بێت

10:49 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کردەوەیەکی تێرۆریستی کە گومان دەکرێت لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ڕێک خرابێت لە لایەن پۆلیسی دژەتێرۆری ئاڵمانەوە پووچەڵ کرایەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی ڕێبەندان، لە شاری "بێرلینـ"ـی وڵاتی ئاڵمان، ۳ کەس کە گومان دەکرێت یەکێک لە تیمە تێرۆریستییەکانی سەربە کۆمیتەی تێرۆری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بن، هێرشێکی تێرۆریستییان کردووەتە سەر یەکێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و ویستوویانە تێرۆری بکەن کە پیلانەکەیان لە لایەن پۆلیسی دژەتێرۆری ئاڵمانەوە پووچەڵ کراوەتەوە.

پۆلیسی دژەتێرۆری ئاڵمان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو کەسەی کە هێرشەکەی کراوەتە سەر، پیاوێکی تەمەن ٤۷ ساڵی ئێرانی، یەکێک لە دژبەرانی ڕێژیمی ئێران و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان بووە و بە پۆلیسی وتووە کە هێرشبەرەکان ۳ کەس بوونە و بە زمانی فارسی قسەیان کردووە و تەنانەت ناوبراویشیان بە ناوی خۆیەوە بانگ کردووە.

 پۆلیسی دژە تێرۆری ئاڵمان تاوانبارەکانی دەستبەسەر کردووە و لێکۆڵینەوەکانی خۆی لە سەر ئەو پیلانە تێرۆریستییە کە ئەگەری هەیە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە داڕێژرابێت، دەست پێ کردووە.

لە پەیوەندی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی دوشەممە ۱۵ی ڕێبەندان، یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکی ۱۲ خاڵیدا لە ژێر ناوی "کۆکردنەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە سەر ڕێژیمی ئێران"، کە تێیدا ئاماژە بە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیم، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی ئۆرووپایی کراوە، نیگەرانی لەهەمبەر سەرجەم کردەوەکانی ڕێژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران، دەربڕی.

جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەیان پیلانی تێرۆریستی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆمیتەی تێرۆری سەر بە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران کە بۆ چالاکانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیم لە وڵاتانی ئورووپایی داڕێژرابوون، پووچەڵ کراونەتەوە.