کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان گەشتە ئاسمانییەکانی ماهان ئایر ڕادەگرێت

09:59 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئاڵمان لە ساڵی داهاتووی زایینیدا، هەموو گشتە ئاسمانییەکانی کۆمپانیای ماهان ئایر بۆ وڵاتی ئاڵمان ڕادەگرێت.

ڕۆژنامەی ئاڵمانیی "بیڵد"، ڕۆژی هەینی ٣٠ی سەرماوەز، لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە دەوڵەتی ئاڵمان، هەموو گشتە ئاسمانییەکانی ماهان ئایر، چ بۆ ئاڵمان و چ بۆ دەرەوەی ئاڵمان ڕادەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بیڵد، دەوڵەتی ئاڵمان پاش وتووێژێکی چڕوپڕ لەگەڵ بەرپرسانی ئامریکا، بڕیاری داوە هەتا گەشتە ئاسمانییەکانی ماهان ئایر بۆ موونیخ و دووسلدۆرف ڕابگرێت.

کۆمپانیای ماهان ئایر، بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ هێزەکانی سپای قودس و گواستنەوەی هێز و تەقەمەنی بۆ لوبنان و سووریە و هەروەها هاوکاریی حکوومەتی بەشار ئەسەد، لە ڕیزی گەمارۆوەکانی ئامریکا کەوتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ئامریکا چەندین کۆمپانیای دیکەی پێوەندیدار بە کۆمپانیای ماهان ئایری لە ڕیزی گەمارۆوەکانی خۆی خستووە.

پاش کشانەوەی  ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕدا، سەرجەم گەمارۆوە هەڵگیراوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خراویەوە و لەم پێوەندییەدا وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵدان کە بەرجام وەکوو خۆی بمێنێتەوە و بەردەوام ڕێژیمی ئێران هان دەدەن، کە لەم ڕێککەوتننامەیە نەکشێتەوە و ڕێژیمیش بۆ ئەوەی وڵاتانی ئورووپا گوشار بخەنە سەر ئامریکا بەردەوام ‌هەڕەشەی کشانەوە لە بەرجام دەکات.