کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: یەکیەتیی ئورووپا هەڵوێستی هاوئاهەنگی هەبێت

13:12 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ئاڵمان داوای لە هێزەکانی یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە هەڵوێستی هاوئاهەنگ بەرانبەر بە هاتنە دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە بەرجام نیشان بدەن.

"هایکۆ ماس"، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بەفرانبار، داوای لە هێزەکانی یەکیەتیی ئورووپا کردووە کە بە شێوەی یەکدەنگ و هاوئاهەنگ بەرانبەر بە بڕیاری ئێران، بەنیسبەت پێشێلکردنی بەڵێنییەکانی ئەو وڵاتە بۆ پیتاندنی ئورانیۆم، کاردانەوەیان هەبێت.

سەرەڕای ئەوەی کە یەکیەتیی ئورووپا لەسەر پاراستنی بەرجام پێداگرە، "هایکۆ ماس"، وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، پاش دیدارێکی بەپەلە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی "بریتانیا و فەرانسە" لە "برووکسێل"، بەتوندترین شێوە ڕەخنەی لە بڕیاری ئێران سەبارەت بە بەرجام گرت.

ناوبراو وتوویەتی: "بە بڕوای ئێمە ئەوەی کە ئێران ڕایگەیاندووە، هەوڵێکی دروست نییە و ئێمە دەبێ کاردانەوەیەکی یەکگرتوومان هەبێت".

هەر کام لە لایەنەکانی واژۆکەری ئەو ڕێککەوتننامەیە دەتوانن میکانیزمی چارەسەریی کێشەکان پێشنیار بکەن، بەپێچەوانەی ئەوە، بابەتەکە دەسپێردرێتە شۆرای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ناوەندە، "بەبێ لەدەستدانی کات" دەتوانن، گەمارۆوە نێودەوڵەتییەکان دژ بە ڕێژیمی ئێران بگەڕێننەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بەفرانبار، "ئانێ گرێت کرامپ- کارێن باوێر"، وەزیری بەرگریی ئاڵمان، ڕەخنەی توندی لە ڕێژیمی ئێران گرتبوو و وتبووی کە ڕێژیمی ئێران هۆکاری چوونە سەرەوەی ناکۆکییەکان پاش کوژرانی "قاسم سلێمانی" لە ناوچەکەدایە.

"کارێن باوێر"، هەروەها ڕایگەیاندووە: "بە شێوەی ڕوون دەڵێم کە ئێران بەرپرسی چوونەسەرەوەی ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدایە و ئەوە لە ئەستۆی ئێراندایە کە بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان هاوکاری بکات".