کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان: ئێخەوانولموسلمین، ئێران و حیزبوڵڵا، مەترسیدارترین هەڕەشەکانی سەر تەناهیی نێوخۆیین

12:58 - 27 جۆزەردان 2720

دەزگای زانیارییە نێوخۆییەکانی ئاڵمان لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، "ئێخەوانولموسلمین، ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی"، وەک مەترسیدارترین هەڕەشەکان لەسەر تەناهیی نێوخۆیی ئەو وڵاتە ناو لێ برد.

دەزگای زانیارییە نێوخۆییەکانی ئاڵمان لە ئەیالەتی "بادێن وورتێمبێرگ"، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە ڕێکخراوگەلێک کە گەورەترین هەڕەشەکان دژ بە تەناهیی نێوخۆیی ئەو وڵاتە پێک دێنن، "ئێران، گرووپەکانی ئێخەوانولموسلمین و حیزبوڵڵای لوبنانـ"ـی وەک گەورەترین هەڕەشەکان لە قەڵەم دا.

ئەو ڕاپۆرتە گرووپی "ئێخەوانولموسلمین"، کە ڕێژەی ئەندامەکانی لەو ئەیالەتەدا ١٩٠ کەس دەبێت، وەک یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان دژ بە تەناهیی ئەیالەتی "بادێن وورتیمبێرگ" ناو لێ بردووە.

هەروەها میلیشیا چەکدارەکانی "حیزبوڵڵای لوبنانـ"ـی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئاڵمانەوە گەمارۆی لەسەر دانرابوو، وەک یەکێکی دیکە لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان ناو لێ بردووە کە زیاتر لە ٧٥ کەس ئەندامی لەو ئەیالەتەدا هەیە.

بەرپرسانی تەناهیی ئاڵمان لەو باوەڕەدان کە ڕێژەی ئەندامانی گرێدراو بە حیزبوڵڵای لوبنان لە ئاڵماندا دەگاتە هەزار و ٥٠ کەس.

ئەو ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوودا کەسانێک لە عێراقەوە بەناوی پەنابەری هاتوونەتە ئەو وڵاتەوە کە لە ڕاکێشانی کەسانێک لەپێناو ئامانجەکانی ڕێژیمی ئێراندا ڕۆڵیان گێڕاوە.

ئاڵمان لە کۆتاییەکانی مانگی ئاڤریلی ڕابردوودا بەشێوەی فەرمی میلیشیا چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات، لە خاکی وڵاتەکەیدا بە شێوەی گشتی تەحریم کرد  و خستنیە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانەوە.