کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ خۆپیشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد بەڕێوە چوو

14:28 - 27 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆبوونەوەیەک لە شاری هامبوورگی ئاڵمان بە بەشداریی چەندین حیزب و لایەنی سیاسیی کوردی و ئێرانی بۆ پشتیوانی لە رووداوەکانی مەهاباد و خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی،لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و رێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و ژمارەیەک رێکخراوی ئێرانی لە شاری هامبورگ بەڕێوەچوو.

شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو خۆپیشاندانەدا پەیامی کۆمیتەی حیزبی بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئاڵمانی پێشکەش کرد.

لە پەیامی کۆمیتەی حیزبدا ، وێڕای مەحکووم‌کردنی مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی و هێرشی سەرکوتکارانەی رێژیمی ئیسلامی بۆ سەر ناڕازیانی شاری مەهاباد و بریندارکردن و گرتنی دەیان کەس لە خۆپیشاندەرانی شاری مەهاباد ،سەردەشت و باقی شارەکانی تر، بە وردی پرسی پێشێلکارییەکانی رێژیمی ئیسلامی و ژێرپێنانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی و ئاژاوە و نائەمن‌کردنی جیهان باسی لێکرابوو.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی حیزب ، چۆنیەتی مەرگی فەریناز خوسرەوانی، دۆخی ئەمنییەتی کوردستان، دەستبەسەر و بریندار کردنی دەیان کەس لە لاوانی کورد و دۆخی نالەباری کوردستان و ئێران کە بە زمانی ئاڵمانی نوسرابوو لە ناو خۆپیشاندانەکە بڵاو کرایەوە.

لەو خۆپیشاندانەدا ، نوێنەرانی زۆربەی حیزب و رێکخراوەکان پەیامیان خوێندەوە و لە پەیامەکانیاندا وێڕای سپاس لە کۆمیتەی حیزب بۆ رێکخستنی ئەو خۆپیشاندانە، پشتیوانیان لە سەرهەڵدانی کوردستان و بەتایبەت شاری مەهاباد کرد و کردەوەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و هاوخەمی و پاڵپشتی خۆیان لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەلی کوردی دەربڕی.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکانی شاری ئاڵمان کە لەلایەن کۆمیتەی حیزب بەرێوەچوونە، لە شاری شتووتگارد خۆپیشاندانێک لەلایەن ئەندامانی حیزب و ژمارەیەک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات لەو شارە بەڕێوە چوو کە لەلایەن کوردانی دانیشتووی ئەو شارەوە پێشوازی پشتیوانی بەرینی و بەرچاوی لێکرا.

لەو خۆپیشاندانەدا پەیامێک کە لەلایەن ئەندامانی حیزبەوە ئامادەکرابوو، بۆ بەشداربووان خوێندرایەوە .

لەو پەیامەدا پاڵپشتی لە سەرهەڵدانی خەڵکی قارەمانی مەهاباد و سەردەشت دووپاتکرابۆوە و لەهەمان کاتیشدا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرابوو تا رۆڵی ئەرێنی خۆی لە ئازادکردنی دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانەکان و مەحکووم‌کردنی ئەو رێژیمە بگێڕێت.

ئەو حیزب و رێکخراوانەی لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بوون، بریتین لە:
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان
ــ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
ــ پارتی سۆسیالیستی کوردستان ــ باکوور
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان ــ باکوور
ــ پارتی دێموکراتی کورد ــ سووریا
ــ پارتی چەپی کورد بەرەی ریفۆرم ــ سووریا
ــ ئەنجومەنی مافی پەنابەرانی کورد ــ سووریا
ــ ئەنجومەنی پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ئێران هامبورگ
ــ‌ رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هامبورگ
ــ سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران