کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کۆرێکی رێزلێنان تایبەت بە شەهیدانی حەسەکە بەڕێوەچوو

22:02 - 10 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: رێوڕەسمێک بە مەبەستی رێزگرتن لە شەهیدانی حەسەکە لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە شاری برێمن کۆرێکی رێزلێنان بۆ شەهیدانی تەقینەوەکانی شاری حەسەکە لەلایەن کۆمەڵەی کوردیی ماکەوە بەرێوەچوو.

لەو کۆڕیادەدا نوێنەرانی پارت و رێکخراوە کوردییەکان و ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی ئەو شارە بەشداریان لەو کۆڕەدا کرد.
لەو رێورەسمەدا شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران- کۆمیتەی ئاڵمان بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەرپرسی کۆمیتە بەشداریی ئەو رێوڕەسمەیان کردبوو و بەو بۆنەیەوە وتارێکیان پێشکەش کرد.
نەقشبەندی لە قسەکانیدا وێرای رێزگرتن لە شەهیدانی گەلی کورد و بەتایبەت نوێترین شەهیدان لە شاری حەسەکە کە لە دوو تەقینەوەی جیاوازدا گیانیان لە دەست دا، خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و بەتایبەت خەباتی رۆژئاوای کوردستانی بەرز نرخاند و وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەسەرکەوتنەکانی گەلی کورد و بەتایبەتیش هەڵمژینی شنەبایی ئازادی لەو بەشە لە کوردستانی ئازیز خۆشحالە و پشتیوانی لە خەباتی رەوای گەلەکەمان دەکات ، لە هەمان کاتیشدا داوا لە هەموو لایەنەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەکات تا یەکیەتی و تەبایی خۆیان بپارێزن و بەیەکگرتووی خۆیان پارێزگاری لە نیشتمان و دەستکەوتنە بەنرخەکان بکەن کە بە خوێنی هەزاران کیژ و کوڕی قارەمانی گەلەکەمان بەرهەم هاتوون.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەبارەت بە رۆژی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان و هەڵسەنگاندنی کەسایەتی و پێگەی شەهید پێشەوا قازی محەممەد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

نەقشبەندی لەو وتەکانیدا، بەوردی باسی لە سەر کۆماری کوردستان و شەهیدکرانی پێشەوای کورد و هەڤاڵەکانی کرد و وتی: لەسەردەمێکدا کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ململانێی زلهێزەکان لەلایەکەوە و کشانی باڵی دیکتاتۆری دەسەڵاتدارانی ناوچە و بەتایبەت حکوومەتی پاشایەتی رەزا خان بەرەوروو بوو.

لە هەناوی ئەو کیشە و ئاڵۆزیانەدا حیزبی دێموکرات لە دایک بوو، لە ماوەیەکی کەمدا توانی بە پێشەوایەتی قازی محەممەد کۆماری خۆشەویستی کوردستان وەک دەسەڵاتێکی بە نرخ و تەژی لە دێموکراسی و ئازادی لە بەشێک لە کوردستانی رۆژهەڵات بە بەشداریی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان دامەزرێنێ و بناخەی بیری نەتەوەیاتەی لە نێو دڵی کوردستان بچێنێ ، هەرچەند بەداخەوە تەمەنی کۆمار زۆر نەبوو، بەو حالەش وەک تاکە دەسەڵاتی ئازاد و دێموکرات کە لەودا مافی هەموو چین و توێژەکان پارێزرا بوو، لەهەمان کاتیشدا توانی کۆمەڵێک دەستکەوتی بەنرخ بۆ گەلەکەمان بەدەست بێنێ و ئێستاش لە هەناوی کۆمارەوەیە کە ئالای ئازادی کوردستان لە بەشێک لە کوردستان شکاوەیە و کورد توانیویەتی لە دووبەش لە نیشتمان بە ئازادی بگات و ئەو خەباتە تا سەرکەوتنی یەکجارەکیش هەروا درێژەی دەبێ.

پێویستە گەلی کورد رۆژی دەی خاکەلێوە بکاتە رۆژی رێزلێنان لە شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان و بە رێز و حورمەتەوە یادی شەهید پێشەوا و هەموو شەهیدانی خەباتکار بکاتەوە و ئەو رۆژە بکاتە هەوێنی یەکیەتی و تەبایی و یەکگرتن.

کازیوە.ر