کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان/ کۆڕێکی رێزلێنان بۆ تێکۆشەرێکی دێرین بەڕێوەچوو

17:52 - 26 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: کۆڕێکی رێزلێنان بۆ \'\'عەبدوڵڵا عێزەت پوور\'\' تێکۆشەر و خەباتکاری دێرین و ئەندامی پێشووی رێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەند خەباتکاری دیکە لە ئاڵمان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی ١٣٩٤ی هەتاوی، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسیی رێکخراوەکانی ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی، لە ماڵی کارگەی ئێرانییەکان کۆڕێکی رێزلێنان بۆ چەند تێکۆشەر و خەباتکاری رێگای ئازادی بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خوێندنەوەی پەیامی کۆمیتەی پشتیوانی لە خەباتی دێموکراتیکی خەڵکی ئێران دەستی پێکرد.

10819.jpg

پاشان ژیان و تێکۆشانی تێکۆشەری ناسراوی کورد عەبدوڵڵا عێزەت‌پوور ئەندامی پێشووی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بەشداران خوێندرایەوە.

لە درێژەی کۆڕەکەدا، ژیاننامەی هەرکام لە عەباس عاقلی‌زادە و بەهرام میهەن دوو کەس لە خەباتکارانی ناسراوی بزووتنەوەی چەپی ئێران خوێندرانەوە.

لە کۆڕە رێزلێنانەدا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان بە سەرپەرستیی \'ئارێز داراپوور بەشداری رێوڕەسمەکە بوو و بەو بۆنەوە وتەیەکی پێشکەش کرد.

ئارێز داراپوور بە ناوی کۆمیتەی حیزب لە ئاڵمان لە دەستپێکی قسەکانیدا، سپاسی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکەی کرد و هەر بەو بۆنەوە چەپکە گوڵی رێز و وەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشکەش بە عەبدوڵڵا عێزەت‌پوور کرد.

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا، لەسەر مێژووی خەبات و تێکۆشانی کاک عەبدوڵڵا، پاکی و سەداقەتی ناوبڕاو و زەحمەت و تێکۆشانی، بۆ بەشداربوانی کۆڕەکە قسەی کرد.

لە کۆتایی ئەو کۆڕەدا، لەوحی رێزلێنان لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبەریی رێوڕەسمەکەوە پێشکەش بە و سێ تێکۆشەرە کرا .