کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵووێری بازرگانی نێوان ئێران و ئورووپا کەمی کردووە

09:34 - 13 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: "یورو ستات" ئاشکرای کردووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و ئورووپا بەڕێژەی ٧٥% کەمی کردووە.

ئیدارەی زانیارییە ئابوورییەکانی یەکیەتی ئورووپا ناسراو بە "یورو ستات" لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاڵووێری بازرگانی نێوان ئێران و ٢٨ ئەندامی ئەم یەکیەتییە لە ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٧٥% کەمی کردووە کە دەکاتە ٣ میلیارد و ٤٧١ میلیۆن یۆرۆ.

لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ئەم ئامار و ڕاپۆرتانە کەرتی هەناردەکردنی یەکیەتی ئورووپا بۆ ئێران لە ٨ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ بەبەراورد لەگەڵ ٨ مانگی یەکەمی ئەمساڵ نیزیک بە ٣ میلیارد یۆرۆ کەمی کردووە و لە کەرتی هاوردەکردنی ئەم یەکیەتییەشدا، لە 8 مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨، ٩٤% ڕێژەی هاوردەکردن کەمی کردووە.

بارودۆخی ئابووریی ئێران، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو کەوتووەتە ژێر کاریگەری تەحریمەکانی ئامریکا و هەروەها سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانی ڕێژیم و ئەم دابەزینی ئاستی بازرگانییەش بە یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم دۆخە دەزانرێ.