کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزیی نێوان پەنابەران و پۆلیسی سەرسنووری "لەهستان" زۆرتر بووە

12:53 - 26 خەزەڵوەر 2721

لە یەکەمین کاتژمێرەکانی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، ئاڵۆزییەکان لەنێوان پەنابەران و هێزەکانی "لەهستان" ڕووی لە هەڵکشان کردووە؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە چەند حەوتوویە پەنابەرەکان لە سەرما و لەسەر سنووری نێوان "بلاڕووس و لەهستان" لە نزیک شاری "کوژنیستا"، بەبێ سەرپەنایەک گیریان کردووە.

دەوڵەتی "ماتئوش موراویەتسکی"، سەرۆکوەزیری "لەهستان" چەند حەوتوویە بە بیانووی بارودۆخی لەناکاو، ئیزنی ڕووماڵکردنی هەواڵەکان بە میدیا سەربەخۆکان لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە نادات.

هەموو ڕۆژێک هێزەکانی سەرسنووری ئەو وڵاتە ڤیدیۆگەلێک لە هێرشی ئەو پەنابەرانە بڵاو دەکەنەوە کە لەژیر دەسەڵاتی بلاڕووسدان.

ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لەلایەن ئەرتشی "لەهستان" ئەوە پیشان دەدەن کە پەنابەرەکان دار و بەرد بە پۆلیسی سەرسنووری ئەو وڵاتەدا دەدەن و پۆلیسیش بە پڕژاندنی ئاو و گازی فرمێسکڕێژ سەرکوتیان دەکات.

لاپەڕەی توییتێریی وەزارەتی بەرگریی "لەهستان" بە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیانە، پەنابەرەکانی بە "هێرشبەر و جنێوفرۆش و مەترسیدار" وەسف کردوون.