لوقمان مێهفەر
کەمتر لە حەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئامریکا. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بایەخەوە چاوی بڕیوەتە ئاکامی هەڵبژاردنی ڕۆژی سێی نوامبری ٢٠٢٠ی زایینی کە کام یەک لە بەربژێرەکان سەردەکەون. ئەو بایەخپێدانەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەری و بەهێزیی سیاسەتی دەوڵەتی ئامریکا لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی و جیهان بەگشتی. لەو نێوەندەدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکتاتۆر و داڵدەدەری تیرۆر زیاتر دەکەونە بەر شەپولی ئەم کاریگەرییە و لەوانەشە بۆ وڵاتێکی وەک ئێران تەنانەت شوێندانەرییەکی چارەنووسسازی هەبێ.
لەو وتارەدا دەمهەوێ بەکورتی لەو پرسیارە ورد ببمەوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دوو وڵاتی ئامریکا و ئێرانەوە هەیە. ئەویش ئایا دۆڕانی ترامپ بردنەوەی ئێرانە؟
بۆ لێوردبوونەوە لەو پرسیارە پێویستە ئاوڕێکی خێرا لە ڕابردوو بدەینەوە و بەراوردێکی سادە بکەین لەنێوانی ئێران و ئامریکا و سیاسەتەکانیان (هەرچەندە بەراوردەکە زۆر نابەرامبەرە بەڵام ئێران وڵاتێکە کە بانگەشەی فەرمانڕەواییەکی بێ هاوتا لە ناوچەکەدا دەکات، بۆیە بە بەراوردەکە ئاستی کاریگەریی سیاسەتی دوو وڵات لەسەر یەکتر ڕوونتر خۆ دەنوێنێ).
بە درێژایی مێژوو ئێران لە ئەزموونکردنی دێموکراسیدا شکستی خواردووە و جگە لە دیکتاتۆرییەکی ڕەها لە بەرژەوەندیی نەتەوەی سەردەستدا هیچ چەشنە مۆدێلێکی دیکەی حوکومڕانی بوونی نەبووە. لە ئێستادا سیستەمێکی داپڵۆسێنەری مەزهەبی سەرجەم ماف و ئازادییە تاکەکەسییەکان و گشتییەکانی لە خەڵک زەوت کردووە و تەنانەت شتێک بەناوی هەڵبژاردن بۆ بڕیاربەدەستی یەکەمی وڵات کە "ڕابەری ئێرانە" نییە و بەسەر خەڵکدا سەپێنراوە کە دەبێ فەرمانەکانی بەبێ بەرهەڵستی جێبەجێ بکرێن. خامنەیی ڕابەری ئێران تا ئێستا زیاتر لە شەش سەرۆککۆماری وڵاتی ئامریکای لە ماوەی ڕابەرایەتییەکەیدا بەڕێ کردووە بێ ئەوەی بۆ تەنها جارێکیش بیر لە گۆڕینی ئەو بکرێتەوە. ئازادی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، خۆشبژێوی، سیستەمی پەروەردە و خزمەتگوزاریی تەندروستی لە ئامریکادا نزیکە لە لووتکە و لە ئێراندا ئاستەکەی لەژێر سفردایە یان زۆر نزمە.
ئامریکا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بە تەنها دەتوانێ لەسەر کۆدەنگی نێودەوڵەتی و ئاراستەکردنی سیاسەتی گشتیی جیهانی ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێ کە لە زۆر بواری وەک ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەربەستکردنی وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە. بۆیە ئەگەر هەندێ جاریش لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی یان یەکیەتیی ئورووپا لەسەر ڕێکارێک نەگەیشتبنە کۆدەنگی ئەوە بە مانای ئەوە نەبووە کە سیاسەتی ڕێژیمە سەرەڕۆکان دروستە یان نابێ پێشگیری لە تیرۆر بکرێ، بەڵکوو بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە ئەوکات نەیخواستووە کە وەها کۆدەنگییەک بێتە پێش نەوەک کەمترین قازانجیان بەر بکەوێ. کەواتە شەڕ لەسەر بەرژەوەندی لەنێوان وڵاتانی دێموکراتیکی خاوەن هێزدا زۆرجار دەرفەتی داوە بە سەرهەڵدانی دیکتاتۆری یان گەشەی تیرۆر و توندوتیژی لە زۆر ناوچەی جیهاندا، وڵاتانی سووریە و عێراق و ئێران نموونەی بەرچاوی ئەو وڵاتانەن.
هەربۆیە لە ڕوانگەی ڕێژیمی ئێرانەوە (کە کۆشکی هیواکانیان لەسەر بنیات ناوە) ڕەنگە باشترین بژاردە سەرکەوتنی "جۆ بایدن" بێت بەسەر "دۆناڵد ترامپـ"ـدا. لە ئەگەری هاتنە سەر کاری "جۆ بایدن" پێویستە بوترێ کە دیسان گرفت و کۆسپی زۆر لەسەر ڕێگای ڕێکەوتنێکی دڵخوازی هەردوو لا هەیە، چوونکە لە سیاسەتی گشتیی ئامریکادا لەسەر ستراتیژ و ئامانجە درێژخایەنەکانی وڵات هیچ جیاوازییەک لەنێوان سیاسەتی "ترامپ و جۆ بایدنـ"ـدا نییە، بەڵکوو جیاوازی لە ئامراز و ڕێکاری جێبەجێکردنی هەڵوێست و سیاسەتەکانیانە. هەرچەندە لە ڕەهەندێکی دیکەوە دەتوانین بڵێین کۆماری خوازەکان زیاتر گرینگی بە پرسه هەستیارەکانی نێوخۆی وڵات و بەرژەوەندیی خەڵکەکە دەدەن بەڵام دێموکراتەکان زیاتر گرینگی بە سیاسەتی دەرەوە و کۆدەنگی لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن کە هەردوولا لە ڕاستای بەرژەوەندیی گشتی وڵاتدا هەنگاو دەنێن. کەواتە زۆر ئاسان نییە بۆ سەرانی کۆماری ئیسلامی کە بتوانن لەگەڵ بارودۆخی هەنووکەیی و پێشهاتەکانی سەردەم خۆیان ڕێک بخەن.
لە چوار ساڵی ڕابردوودا ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کابینەی ترامپەوە کەوتە نێو گێژاوێکی توند کە گەورەترین زیانی ئابووری وێکەوت. سەرەڕای ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئێران لە پەراوێزدا بوو، لە ئاستی ناوچەییشدا فۆبیای ئیسرائیل تا دێ زیاتر بەرۆکی ئێران دەگرێ و ئاشتبوونەوەی عەرەب-ئیسرائیل بەرەو ئاستێکی باشتر هەنگاوی هەڵگرتووە کە کابینەی ترامپ لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بە جیددی کاری لەسەر کردووە و لە ئاکامدا ڕێککەوتنی "إبراهیمـ"ـی لێکەوتەوە کە تەنانەت "جۆ بایدنـ"ـیش پشتگیریی خۆی لەو ڕێکەوتنە ڕاگەیاند.
هەرچەندە وێڕای دۆخی چاوەڕواننەکراوی جیهان، جارێ ڕوون نییە گەلی ئامریکا کام پاڵێوراو لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان بە باشتر دەزانن و دەینێرن بۆ کۆشکی سپی بەڵام مەزەندە دەکرێ کە جارێکی دیکە ترامپ دەنگ بێنێتەوە. لە ئەگەری بوونەوەی ترامپ بەسەرۆککۆمار گڵۆڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر دەکەوێتە لێژییەوە. چونکە ئێران دەبێ بۆ چوار ساڵی دیکە لەگەڵ سەرۆککۆمارێکی سەرسەخت ململانێ بکات کە لە دنیادا لەگەڵ هیچ وڵاتیک بە قەد ئێران بەریەککەوتنی توندی نەبووە. هاوکات ترامپ لە کۆبونەوەیەکی بەرینی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە ویلایەتی "کارولینای" باکوریدا وتی: "ئەگەر سەرکەوم یەکەمین تەلەفۆنی کە وەریدەگرم ئێرانە کە دەڵێن با دابنیشین و ڕێک بکەوین". ئەو وتەیەی ترامپ لە ڕوانگەی شارەزایانی بواری سیاسەت و ئابووری و نیزامییەوە وا لێکدرایەوە کە زۆر دژوارە ئێران بتوانێ بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە درێژە بەو سیاسەتەی ئێستای بدات لەژێر گوشاری گەمارۆ و سیاسەتەکانی ترامپدا. ڕێژیمی ئێرانیش لەوە تێگەیشت کە گەمارۆیەکانی سەردەمی ترامپ بەتەواوی ژێرخانی ئابووریی ئێرانی هەڵتەکاندووە و هەموو ڕەگ و شاڕەگی ئابووریی ئێرانی پساندووە، ئیتر دەرفەتێک نەماوەتەوە تا وەک گەمارۆیەکانی سەردەمی ئۆباما بتوانێ خۆی لێ بدزێتەوە یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئامریکا چەواشە بکا.
هەروەها لە بواری نیزامییەوە کوشتنی "قاسم سولەیمانی" گەورە تیرۆریستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و فەرماندەی سپای قودسی ئێران، هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ و کردەیی بوو بۆ سەرانی کۆماری ئیسلامی کە ئەگەر زیاتر لەوە سنوور ببەزێنن کاردانەوەی بەزەبرتر دەبینن کە دووچاری چارەنووسێکی ڕەش و نادیار دەبن.
بۆیە لە مانەوەی ترامپ لە کۆشکی سپیدا، دەبێ دوای سێی نوامبەر "خامنەیی" وردە وردە خۆی بۆ خواردنەوی جامی ژەهر حازر بکات. لە بەرامبەردا دەبێ هەموو هەوڵێک بدا تا بتوانێ کابینەی جۆ بایدن ڕازی بکات بە گەڕانەوەی دۆخی ئێران بۆ گەمارۆیەکانی سەردەمی "ئۆباما"، ئەوەش لە کاتێکدا دەبێ کە پرسی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بەلای کابینەی جۆ بایدن-ەوە بەتەواوی یەکلا کرابێتەوە.
بۆیە بەلای هەردوو کاندیدەوە ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دێتە ئاراوە ئەگەر ئێران داخوازییەکانی ئامریکا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئامریکا قبوڵ بکات. ئەوەش واتای خواردنەوەی جامی ژەهر و مەرگی هێواشی ڕێژیمی ئێرانە. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر هاتوو ئێران وەک ڕابردوو ملی نەدا بە داخوازییەکانی ئامریکا و لەسەر دەستتێوەردانەکانیشی لە ناوچە و جیهاندا بەردەوام بوو، ئەوا دوور نییە سەرۆککۆماری داهاتووی ئامریکا بیر لە ڕێگەچارەی سێهەم واتە گۆڕین و لابردنی ڕێژیم بکاتەوە.
کەوابوو سەرانی کۆماری ئیسلامی لە سێ بژاردە زیاتریان نییە کە بەناچاری دەبێ لە خراپترینیان خراپەکە هەڵبژێرن.
یەکەم- درێژەدان بە سیاسەتی ڕابردوو کە ئەزموونێکی شکستخواردووە.
دووەم- شەڕکردن لەگەڵ ئامریکا. بە لەبەرچاوگرتنی توانا سەربازییەکانی ئامریکا تێوەگلان لە شەڕێکی ئاوا نابەرامبەردا بە مانای لەناوچوونی یەکجارەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
سێهەم- پەنابردن بۆ ئەسڵێکی فقهی شیعە ئەویش "تقی"یە کە گونجاوتر و مومکینتر دێتە بەرچاو. لەو حاڵەدا دەسەڵاتی تەواو بە "ولی فقیە"یە و دێتە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆن ڕادەگەیەنێ کە بەرژەوەندیی "نظام و اسلام" واتە بەرژەوەندی سەرانی ڕێژیمی ئێران لەوەدایە لەگەڵ ئامریکا ڕێک بکەوین. لێرەدایە کە فەلسەفەی بوونی کۆماری ئیسلامی و ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی شکست دێنێ و دەستتێوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و سیاسەتی پاوانخوازییەکەی کۆتایی پێ دێت. تەنانەت دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆککۆماری ترامپ-یش تازە ئیدی ڕێگا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نادرێ وەک پێشوو لە ناوچەدا سەرکێشی بکات.
سەبارەت بە گەلانی ئێرانیش قۆناغێکی دیکە لە خەبات و بەربەرەکانی لە فۆرم و قەبارەی جۆراوجۆر لە وێنەی خۆپیشاندان، مانگرتن، نافەرمانیی مەدەنی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناڕازی و هتد لە نێوخۆی ئێران دەست پێدەکات کە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆیان ڕادەکێشن و ئێران دەخەنە نێو گوشارێکی زیاترەوە تا خواستی گەلانی وەزاڵەهاتوو دابین بکات و ڕێز لە ماف و ئازادییەکانیان بگرێت. ئەوەش دەرەنجامی ئەو ڕاستییەیە کە سەردەمی پاوانخوازی و سیستەمی ناوەندگەرا بەسەر چووە و وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرە ئایین بەبێ دابینبوونی خواستە نەتەوەیی و مرۆڤییەکانیان لە جوگرافیایەکی هاوبەشدا جێگەیان نابێتەوە.
لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە دەوڵەتی ئامریکا لە پێناوی بەرژەوەندیی تاکەکانی وڵاتەکەی و گەیشتن بە لووتکەی تەناهی و خۆشبژێوی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە ڕێگەی دێموکراسی و هەڵبژاردنەوە و ئازادانە سەرۆککۆماری خۆیان واتە بڕیاربەدەستی یەکەمی وڵاتەکەی خۆیان هەڵدەبژێرن و چاوەڕوانی جێبەجێکردنی وادە و بەڵێنەکانی دەکەن. کەچی بەداخەوە، لە وڵاتی ئێراندا نەک ئەو دەرفەتە دێموکراتیکە نەڕەخساوە بەڵکوو هەموو مافە تاکەکەسی و گشتییەکانی خەڵکیش زەوت کراوە و حکوومەتی ئێران لە چەندین بەرەوە گیرۆدەی شەڕ و ئاژاوەنانەوەیە و داڵدەی تیرۆریستان دەدات و بێکاری و هەژاری و دیاردە دزێوەکانی لە کۆمەڵگەدا گەیاندووەتە لووتکە و تەنها هێزی سەربازی و سەرکوتە کە توانیویەتی سەرپۆشی ئەو قەیرانانە بکات کە لە ڕێژیمی ئێران توانا و دەرەتانی چارەسەکردنیانی نییە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زیاتر لە جاران لە مەرام و پیلانە چڵکنەکانی ئەو ڕێژیمە تێگەیشتوون و ئامادە نین بەبێ مەرج لەگەڵیدا بکەونە هیچ هاوپەیمانێتی و دانوستانێکەوە.
کەوابێ، لەهەر بارێکدا هەر پاڵێوراوێک بگاتە کۆشکی سپی ئەوا ڕێژیمی ئێران دۆڕاوی سەرەکییە و دەبێ بیر لە چارەنووسی ڕەشی خۆی بکاتەوە.