کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئاینۆر دۆغان" هونەرمەندی کورد خەڵاتی "ڤۆمەکسـ"ـی پێ بەخشرا

13:42 - 7 خەرمانان 2721

پیشانگای جیهانیی موزیک "ڤۆمەکس" (Womex ) بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینی خەڵاتی خۆی پێشکەش بە  "ئاینۆر دۆغان" ژنە موزیسیەنی کورد کرد.

"ڤۆمەکس" ڕایگەیاندووە ئەو خەڵاتەی بەهۆی هەوڵدان و تێکۆشانی بەردەوامی "ئاینۆر دۆغان" بۆ پاراستنی کولتووری کوردی و کولتووری عەلەوی و خۆڕاگریی بەرامبەر بە گوشارە سیاسییەکانی تورکیه بەخشیوەتە "ئاینۆر دۆغان".

ئاینور دۆغان لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی باسی لەوە کردووە موزیک ڕێگایەکە بۆ بەریەککەوتنی کولتووری گەلانی جیهان، بەتایبەتی ئەو گەلانەی هەوڵی سڕینەوەیان لەسەرە.

ڤۆمەکس هەموو ساڵێک وەک ڕێزگرتن لە گەورە موزیک ژەنانی جیهان کە لەژێر کاریگەریی سیاسیدا کار دەکەن و هەروەها بۆ ڕێزگرتن لە تەمەنێک خزمەتکردن خەڵات دەداتە هونەرمەندێکی پایەبەرز لە جیهاندا .

"ئاینور دۆغان"  ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لە پارێزگای "دێرسم" لەدایک بووە. گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی کوردە.  لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی ڕۆیشتووەتە ئیستامبۆل و لەوێ موسیقای خوێندووە.

ناوبراو یەکەم ئاڵبۆمی لە ساڵی ٢٠٠٢دا بڵاو کردووەتەوە. بەھۆی گۆرانیی "کەچا کوردان"( Keça Kurdan) زۆر ناسرا. ئەم گۆرانییە لەلایەن دادگایەکی تورکیه بۆ ماوەیەک قەدەغە کرابوو. ناوبراو بە زاراوەی کوردیی کرمانجی و سۆرانی گۆرانی دەڵێت. ئاینۆر لەگەڵ گرووپی ڕێگای ئاوریشم ھاوکاریی کردووە.

ساڵی ٢٠١٩ی زایینی ئەو خەڵاتە بە "کەیهان کەڵهور" موزیسیەنی کەمانچەژەنی کورد بەخشرابوو.