کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با حەیدەرى قوربانى بەتەنیا جێ نەهێڵین

18:27 - 29 خەرمانان 2720

ژیان ژاڵە

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە ساڵی ٢٠١٧ى زایینییەوە نیوەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا لەسێدارە دراون، لە ئێراندا بوونە و لەم ڕێژەیەش ٢٣ لەسەدى خەڵکی ڕۆژهەڵاتى کوردستان بوونە.

ئەگەر حەشیمەتی ڕۆژهەڵاتى کوردستان بهێنینە پێش چاو کە بە زەحمەت دەگاتە دە ملیۆن کەس، لە ئاست حەشیمەتە هەشتا ملیۆنییەکەى سەراسەرى ئێران، تێدەگەین کە قووڵایی کارەساتەکە چەندە گەورەیە. ئەمە سەرەڕاى کوشتنی کۆڵبەران و تەقینەوەی مینە چێنراوەکانى کوردستان و تەقەکردن و بۆمبارانکردنی خەڵکی سڤیل و بێ چەک لە سنوورەکان. ئەم هەموو کارەسات و کوشت و بڕەى کۆمارى ئیسلامى دەرحەق بە گەلێک و هاووڵاتییانى ئێران نیشاندەرى دوژمنایەتى و بێمنەتىی ڕژێمێکى نائیسنانییە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ئەگەر هەموو ئەم کارەستانانە ناوی جینوساید نەبێت، ئاخۆ گەلۆ دەکرێت لەژێر چ ناوێکدا وەسفى ئەو ڕق و کینەیە بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتییەکان بکرێت؟ لێرەدا هەر باسی کوشتنی زمان و کولتوور و کەرامەت و ژینگە و سەروەت و سامانى ڕۆژهەڵات ناکەم، تەنیا هێندە بەسە کە چاوێک بە حوکمی سێدارەى لاوانى ڕۆژهەڵاتدا بخشێنیتەوە و بکەوینە خۆ بۆ ئەوەى پشتیوانى لە حوکمدراوانى بێتاوان و زیندانییانى سیاسى بکەین.

تازەترین هەواڵی لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵات کە لەم چەند ڕۆژەدا پرسەکەى گەرمە، حوکمی نادادپەروەرانەى حەیدەر قوربانی-یە کە لە ڕەزبەرى ٩٥ى هەتاوى لەلایەن دەزگاکانى ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەر کرا و سێ مانگی ڕەبەق لە زیندانى تاکەکەسى (ئینفرادی) بەند کرا و پاش ئەشکەنجە و سووکایەتی بێ ئەوە مافی پارێزەری پێ ڕەوا ببینرێت، خستیانە زیندانەوە.

ئەوە بۆ سێ ساڵ دەچێت کە "حه‌یده‌ر قوربانى" ئەشکەنجە دەدرێت و ئازار دەبینێت و لە دادگایەکی نهێنی و بێ ئەوە پارێزەری کەیس و پەروەندەکەى ببینێت، دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەردەگرن تا تۆمەتى "هاوکاریکردنى کوشتنـ"ـى بدەنە پاڵ و هەر ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەى حوکمی نەوەد ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنن، کەچى نەک هەر بەم حوکمە نائینسانی و نادادپەروەرانەیە ڕازى نابن، بەڵکوو لە کارێکی سەرسووڕهێنەر و بێ ئەوە حوکمی نەوەد ساڵ زیندانیکردنەکەى هەڵبووەشێنرێتەوە، ئەمجارەیان حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەردەکەن و پێداچوونەوە بە حوکمەکەشی ڕەت دەکەنەوە.

ڕەنگە پێویستیان بە تۆڵە بێت، تۆڵەی هاشتەگەکانی بەرگریکردن لە نەوید ئەفکارى بە ناحەق و بە بەرچاوى کۆمەڵگەى جیهانییەوە لەژێر ئەشکەنجە و ئازار کوشتیان یان ڕقی گرێبەست و ئاشتکردنەوەى ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەکان بە بەندکراوەکان بڕێژن.

هۆکاری نادادپەروەریی کۆمارى ئیسلامى گرینگ نییە، هێندەى ئەوە گرنگە کە ئێمەی کورد یەکگرتوو بین، خاوەن خەمی یەک بین و حەیدەر بە تەنیا جێ نەهێڵین. با بەرەنگارى ئەوانە ببینەوە کە هەر جارەى کە زانیارێک و لوقمانێک و دیاکۆیەک لەسێدارە دەدەن، کوردستان هەڵدەواسن، با هەموومان هاشتاگەکانمان بۆ "لەسێدارەنەدانى حەیدەر قوربانى" بێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.