کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با له ساڵیادى تیرۆرى شەرەفکەندى دا، هەڵوێستەکانى بەرامبەر باشورى کوردستان لە یاد نەکەین!(شەریف هەژاری)

22:59 - 20 خەرمانان 2714

کاتێک ئەمانەوێت هەڵسەنگاندنى دەقیق بۆ ڕووداو و سەرکردەکانى کورد بکەین، بێ لایەنانە بەو دەرئەنجامانە ئەگەین کە ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بە تەواوى تیۆریاى بیریى نەتەوەیى بەسەریاندا پراکتیزە ئەبێ، هەر ئەمەشە وا ئەکات کە جیاوازى جەوهەرى لە

9375.jpg
شەریف هەژاری

نێوان ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەشەکانى دیکەدا ئەوە بێت کە ڕێبەرانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان زۆرجار یەکێک لە هۆکارەکانى شەهیدکردنیان پەیوەندیى بەو هاوکاریى و پشتیوانییە لێبڕاوەییەیانەوە هەبووە کە بۆ شۆڕشگێڕان و شۆڕشى باشوورى کوردستان ئەنجامیان داوون، بەڵگەى سەلمێنەریش بۆ ئەم ئایدیایەشمان ئەوەیە یەکێک لە هۆکارەکانى لە سێدارەدانى پێشەوا قازى موحەمەد ئەوەبوو کە بە قسەی رێژیمی تاران سەرکردەیەکى یاخى وەک مەلا مستەفا و کوردى عێراقى لە خاکى ئێراندا نیشتەجێ کردبوو، وەک هاونشیتیمانیانى ئێرانیش مامەڵەى لەگەڵ کردبوو! کەچى پێشەوا قازى موحەمەد شێر ئاسا لە وەڵامی دادگادا ئەنەڕێنێ و بە حاکمە حکوومەتییەکە ئەڵێت: کوردستان خاکى کوردە و بەم پێیەش مەهابادیش خاکى بارزانییەکان و هەموو گەل
ى کوردە!، چەندان نموونە و بەڵگەى زیندووش هەن کە بیرمەندى سیاسیى کورد د.قاسملووش کۆڵنەدەرانە هەرگیز ئامادەى بچووکترین خیانەتى نەتەوەیى نەبووە بەرامبەر باشوورى کوردستان و لە زۆر ڕووشەوە هاوکارى کردوون، بۆ ئەوەى باسەکەمان زۆر توول نەکێشێ و ڕاستەوخۆ بچینە سەر جوامێرییەکانى شەرەفکەندى کە تا ئێستا لاى زۆرێک لە تاکى کورد پێى ئاشنانین، ئەوا هەوڵەدەین چەند هەڵوێستێکى ناوازەى ئەو ڕێبەرە تیرۆرکراوەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەرامبەر باشوورى کوردستان بخەینەڕوو:
ئاشکرایە کە د.سادقى شەرەفکەندى برا بچووکى شاعیرى ناو-دەرکردوو و زمانەوانى کورد هەژارى موکریانىیە، هەر بۆیە ئەمیش وەک هەژارى براى بە نەبوونیى و چەرمەسەرى لە گوندەکەى خۆیاندا لە موکریان گەورە ئەبێ و بەردەوامى بە خوێندن ئەدا و، جوامێرانەش زۆربەى قۆناغەکانى خوێندنى یەکەم ئەبێ، هەتا ئەوەى لەبەر لێهاتووى دەنێردرێت بۆ فەرەنسا و لەوێش بڕوانامەى دوکتۆرا لە زانستى کیمیا دا بەدەست دێنێت و پێنج زمانى زانیووە کوردى، ئازەرى، فارسى، عەرەبى و فەرنسى، دیارە لەو سەردەمەش دا بڕوانامەى دوکتۆرای تەواو دانسقە بووە و وەک ئەم سەردەمە نەبووە کە لەلایەن حیزبەکانەوە زۆر کەسى حیزبیى بە بڕوانامەى خوێندنى باڵا خەڵات بکرێت!

شەرەفکەندى هەرچەن ماوەى ڕابەرایەتیکردنى لە گەورەترین پارتى ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا کە حیزبى دێموکراتە زۆر کورت ئەبێ و تەنها ٣ ساڵ١٩٨٩ -١٩٩٢ ڕێبەرایەتى شۆڕشى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئەکا، بەڵام کارەکانى بەتایبەت بەرامبەر شۆڕشى باشوورى کوردستان وامان لێ ئەکا کە شەرەفکەندى وەک سیمبوولى ڕێبەرێکى خاوەن هەڵوێست و نەترس لەقەڵەم بدەین، هەرچەندە ئەشزانین لەو سەردەمەدا حیزبەکەى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران، زۆرێک لە بارەگاکانى بەهۆى هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى کوردستانەوە لە سنوورى عێراق دابوو، حیزبى بەعسى دڕندەش فەرمانڕەواى عێراق بوو، بەڵام پێچەوانەى هەڵوێست و کارکردى سەرکردەکانى باشوورى کوردستان، شەرەفکەندیش یەک چرکەش هەڵوێستە نەتەوەییەکانى بۆ ڕژێمى بەعس کز نەکرد، کە ئەتوانین چوار هەڵوێستى دانسقە و نەترسانەى بخەینەڕوو:
١ــ بۆیەکەمجار لە کەناڵى ئێن ئاڕ تى، فەرەیدون عەبدالقادرى ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسیى یەکێتیى دانى بەوەدانا کە تاکە هێزێک چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەدا هاوکارى سەرخستنى ڕاپەڕینى باشوورى کوردستانى لە ڕووى داراییەوە کردبێت، ئەوا حیزبى دێموکرات بووە. ئێمە دەزانین دەقیق لەو سەردەمەدا شەرەفکەندى سکرتێرى گشتى ئەو حیزبە بووە، هەر بە پێى قسەکانى فەرەیدون عبدالقادر حیزبى دێموکرات ئەوەى لە خەزێنەیان دابووە بە چەند هەزار دۆلارێک خستوویانەتە خزمەت یەکێتیى نیشتیمانیى و پلاندانەرانى ڕاپەڕین بۆ سەرخستنى ئەجێندا سیاسییەکەیان لە باشوورى کوردستاندا.

٢ــ بە پێى ئەو دۆکیۆمێنت و دەستنووسانەى کە بەردەست کەوتوون، لە ڕووى پراکتیکیشەوە، بارەگاکانى حیزبى دێموکرات لە چەندین شوێنى ناو شارەکاندا چاوساغیى و زانیاریان بە مەفرەزە پارتیزانەکانى یەکێتى دابوو لە بارەى هێزەکانى ڕژێمى عێراقەوە، لە هەندێک شوێنیش بە نازناو بەشدارى سەرخستنى ڕاپەڕینیان کردبوو.

٣ــ یەکێک لە گرنگترین هەڵوێستەکانى دیکەى شەرەفکەندى بەرامبەر شۆڕشگێڕان و خەڵکى باشوورى کوردستان، ڕاگەیاندنى بەیانامەیەک بوو لە کۆڕەوەکەى باشوورى کوردستاندا، بۆ هاوکاریکردنى هەموو ئەو کوردانەى باشوور کە ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردبوو بە جۆرێک کە خۆیان بە ئاوارە نەزانن، ناوەڕۆکى بەیاننامەکەش جەخت لەوە ئەکاتەوە کە پێویستە کوردانى ڕۆژهەڵات هەرچى پێیان ئەکرێت لە خانوو، ماڵ و دارایى دابەشى بکەن بەسەر برا کوردەکانى باشووردا، بە پێى نامە دەستنووسە دۆکیۆمێنتەکانى نێوان شەرەفکەندى و سەرکردەکانى دیکەى حیزبەکەشى: ڕێنوێنى بە سەرکردەکانى حیزبەکەى دەدات کە داوا لە خەڵکى کوردستانى ئێران بکرێت بە بەردەوامى یارمەتى زیاتر پێشکەش بە برا کوردەکانى باشوور بکەن، هەر بە پێى دەستنووسە دۆکیۆمێنتیەکانیش شەرەفکەندى و سەرکردەکانى حیزبەکەى جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە : نابێت لەبەر ئەوەى دەوڵەتى عێراق پێى ناخۆشە و فشار لەسەر حیزبى دێموکرات دادەنێت ئەوا ئەوان \'حیزبى دێموکرات\' بێ دەنگى هەڵببژێرن بەرامبەر ملیۆنان کوردى ئاوارەى باشوورى کوردستان. زیاتر لەمانەش، مەکتەبى سیاسیى حیزبى دێموکرات بڕیار دەرئەکا کە: نابێت لەو ئاوارانەى باشوورى کوردستان کەل و پەل بە هەرزان بکڕدرێت، چونکە ئەو خەڵکە ئاوارەى باشوورى کوردستان لە زروفى دەربازکردنى گیانیاندان و بەو پێیەش شتومەکێکى زۆر بە نرخێکى زۆر کەم و هەرزان ئەفرۆشن، هەروەها شەرەفکەندى فەرمانى دابوو کە تەواوى بارەگا سەرسنوریەکانى حیزبەکەى هەموو توانایان بخەنەگەڕ بۆ گواستنەوە و پاراستنى خەڵکى باشوورى کوردستان ڕووەو ڕۆژهەڵات

٤ــ لە ڕووى نێو دەوڵەتیشەوە شەرەفکەندى تێکۆشابوو بۆ گەیاندنى دەنگى جینۆسایدکردنى کوردانى باشوور بۆ ناوەند و کەسایەتییە جیهانییەکان بەتایبەت گەیاندنى ئەو کارەساتە قڕکەرانەیە بە د.بێرنارد کۆشنێر و مادام میتەران و چەندان کەسایەتى دیکەى ڕۆژئاوایى کە دواتر هەوڵەکانى کاریگەردانەر بوو بۆ پاراستن و دانانى ناوچەى دژە-فڕین بۆ گەلى کورد لە باشوور دا.

تێ بینى:

ئەم بابەتە تەنها سەرەقەڵەمێک بوو لە هەڵوێستەکانى د.سادق شەرەفکەندى بەرامبەر شۆڕشى باشوورى کوردستان لە تەنها ٣ ساڵ ١٣-٧-١٩٨٩ هەتا ١٧-٩-١٩٩٢ ى ڕێبەرایەتى شۆڕشى ڕۆژهەڵاتى کوردستان دا و، خوێنەر بۆ زیاتر ئاشنابوون بە شەرەفکەندى بەتایبەت لە ڕووى ئەکادیمى و بەرهەمەکانى و ئەندێشەکانیى ئەتوانێت چەندین سەرچاوەى تایبەت لەو بارەیەوە بخوێنێتەوە. جێى ئاماژەشە کە ئەم بابەتە پشتى بە چەندین دۆکیۆمێنتى دەستنووس و بیرەوەریى و یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانى فەرەیدون العبدالقادر بەستووە، کە بریتین لە:
١ــ نامەى دەستنووسى سەرکردەکانى حیزبى دێموکرات و شەرەفکەندى کە بە دەستم گەشتووە و هەر بەڕێزێک پێویستى بوو ڕەنگە بتوانم بیخەمە بەردەستى.

٢ــ بیرەوەرییەکانى تەیمور مستەفایى :لە چیاکانى زاگرۆس ل٣٣١-٣٤٤
٣ــ چاوپێکەوتنى فەرەیدون عبدالقادر لەگەڵ کەناڵى ئێن ئاڕ تى.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە