کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

با کۆبانێ تەنیا نەبێت/ هەڕەشە، بانگهێشت و دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران

14:44 - 20 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: ناوەندەکانی رێژیمی ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بە مەبەستی دروست‌کردنی فەزایەکی تۆقێنەر و ترس لە نێو خۆپیشاندەران، چەندین هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر و بانگهێشت و هەروەها هەڕەشەیان لێکردوون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش دامەزراندنی کەمپەینەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و پێشوازیی بەرینی هاووڵاتییان لە کەمپەینەکان، رێژیمی ئێران لە رێگای ناوەندە پێوەندیدارەکانی خۆی لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە پێش لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هاووڵاتییان بگرێت.

رێژیمی ئێران بە میلیتاریزەکردنی فەزای شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە هەوڵی ئەوەدابووە کە پێش به پێشوازیی هاووڵاتییان کورد لەمەڕ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەکان بگرێت.

دوای پێشوازی بەرینی خەڵک لە کۆبوونەوەکانی کۆبانێ تەنیا نەهێڵین، هاووڵاتییانی کورد لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بە وتنەوەی دروشمی وەکوومەرگ بەر دیکتاتۆر و مەرگ بەر پشتیوانانی داعش رێژیمی ئێرانیان کردە ئامانجی دروشمەکانیان.

رێژیمی ئێران بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانی خۆی لەو خۆپیشاندانانە لەلایەکەوە هاووڵاتییان دەستبەسەر و بانگهێشت دەکات و بە هەڵگرتنەوەی فیلم و وێنە گرتن لە خۆپیشاندەران دەیهەوێ فەزایەکی ئەمنییەتی دروست بکات و لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەوەیکە هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر رێپێوان لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات نییە بە داواکردن لە خەڵک بۆ پێشوازیی لە خۆپیشاندانەکان، سیاسەتێکی دووفاقەیی پێڕەو دەکات و لە هەوڵی بەلاڕیدابردنی رێپێوانەکانە.

رێژیمی ئێران یەکەمین خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی مەهاباد، رەبەت و بۆکانی بە زۆرەملێ و هێرشی هێزە ئینتزامییەکان و هێزە نیزامییە تایبەتەکان بڵاوە پێکرد، بەڵام هاووڵاتییانی کورد لەو شارانە چەندین جار رژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانی خۆیان لە کۆبانی دووپات کردەوە.

دەستبسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خۆپیشاندەرانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری رەبەت لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران بڵاوەیان پێکرا و چەندین کەس لە هاووڵاتییان دەستبەسەر کران.

یەکێک لە دانیشتوانی رەبەت لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردستان میدیا رایگەیاند کە چوار هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا وتی کە دوو کەس لەو دەستبەسەرکراوانە هەتا ئێستا لە گرتنگەی رێژیم دان.

هەروەها، راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە مەریوان بەهۆی دەستێوەردانی هێزە ئینتزامییەکان و یەگانی تایبەت نائارامی و توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و دەیان کەس لە هاووڵاتییان دەستبەسەر و چەندین کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوونە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ٣٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەریوان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها، لانیکەم ١٠ کەس لە خۆپیشاندەران لە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە شوناسی چوار کەسیان ئەرسەلان چەڵەبی، هێمن عەبدوڵڵا پوور، پەیمان و عەتا راگەیەندراوە.

راپۆرتەکان لە مەهابادەوە باس لەوە دەکەن کە چەندین هاووڵاتیی کورد بەهۆی پشتیوانی لە کۆبانێ دەستبەسەر کراون.

خەبات مەنگووڕی، بەرپرسی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە ژینگەی مەهاباد و چەندین هاووڵاتیی کوردی دیکە کە لە رێپێوانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری مەهاباد بەشدار بوون، دەستبەسەر کران.

دو کەس لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی تاران کە لە خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە بەردەم دەفتەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی رێژیمی ئێران دەستبەسەر کران.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ئەو دوو هاووڵاتییەی کە لە تاران دەستبەسەر کراون چالاکی بواری منداڵان و چالاکی مەدەنی بوونە کە شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە ئاسۆ رۆستەمی و عەلی نووری راگەیەندراوە.

بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ و بانگهێشتی هاووڵاتییان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە

سیمین چایچی و کلسووم عوسمان‌پوور، شاعیر و لە چالاکانی ناسراوی فەرهەنگی، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سـنە بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە کۆبانێ بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

دەوترێت کە تەنیا ئەو دوو چالاکە فەرهەنگییە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات نەکراون و چەندین هاووڵاتی دیکە بانگهێشت و لێپێچینەوەیان لێکراوە.

ئاژانسی کوردپا لە راپۆرتێکدا هەژماری ئەو هاووڵاتییانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت کراون لانیکەم ٥٠ کەسی راگەیاندووە و هەروەها لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاندووە کە خۆپیشاندەران دروشمی دژی رێژیمی ئێرانیان وتووەتەوە.