ئاویەر شێخی
مرۆڤ بە درێژایی مێژووی خۆی و لە دوای دەسپێکردنی قۆناغی شارستانییەت، بە شێوەیەکی بەردەوام لە هەوڵی باشترکردنی خۆی و پێشکەوتنی زیاتر بووە، چ لە ڕووی سیما، عەقڵ یاخود هۆکار و پێداویستییەکانی ژیانی خۆی بێت.
٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر و لەگەڵ دەستپێکردنی سەردەمی پیاوسالاری لە جیهاندا، دۆخەکە بۆ ژنان بە شێوەیەکی دیکە خۆی دەبینێتەوە، ژن زیاتر بەرەو کاڵابوون هەنگاو دەنێت بۆ دابینکردنی پێویستییکانی ژیانی پیاوان.
لە دوای پەیدابوونی بزووتنەوەکانی ژنان بۆ دابینکردن و بەدەستهێنانەوەی مافە ڕەواکانی ژنان، کە بە درێژایی مێژوو و لەژێر ناوی جیاواز و بە بیانووی جیاوازەوە لێیان زەوتکراوە، شتگەلێکی سەرەتایی وەک بەکارهێنانی بابەتەکانی جوانکاری، وەک پێناسەی ژنبوون پێناسە کراوە.
لە ئێستای جیهاندا، شیرکەت و براندگەلێکی زۆر لە بواری بابەتەکانی جوانکاریی ژناندا خەریکی بازرگانین و ژنانیش وەک بەشێکی سەرەکی و گرینگی خۆیان لێی دەڕوانن و بەردەوام لە هەوڵدان لەم سەنعەتە دانەبڕێن و ئاگاداری نوێترین مۆدێل و تازەگەرییەکان بن. لە هەموو جیهاندا ستانداردگەلێک بۆ جوانی پێناسە کراوە، کە تا ڕادەیەک شتانێکی خەیاڵین و بەشێکی زۆری ژنان لە پێناو گەیشتن بەو ستانداردانە تەندروستیی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە. ساڵانە ژنانێک بە هۆی پارێزی خۆراکیی ناتەندروست، تووشی نەخۆشیگەلێکی وەک: کەم خۆراکی، کەم خوێنی و برینی گەدە دەبنەوە.
کوردستان بەتایبەتی و وڵاتی ئێران بەگشتی، لەم بازرگانییە جیهانییە بێبەش نەبوون و بەڵکوو لە بواری بەکارهێنانی بابەتەکانی جوانکاری و نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری، پلەی جیهانییان تۆمار کردووە. وڵاتی ئێران لە ڕێژەی بەکارهێنانی بابەتەکانی جوانکاری لە هەموو جیهاندا پلەی حەوتەم و لەنێو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە دوای وڵاتی عەرەبستان پلەی دووەمی هەیە. لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا لەبارەی نەشتەرگەرییە جوانکارییەکان لە ئێراندا لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستی بوونی نەبووە، بەڵام ئێران لەم بوارەدا پلەی بیستەمی لە هەموو جیهاندا تۆمار کردووە.
بابەتی جوانی و جواندەرکەوتن، هەستێکی حاشا هەڵنەگرە و لە هەموو مرۆڤەکاندا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ڕەگەزی بوونی هەیە. بەڵام کاتێک ئەم بابەتە دەبێتە بەشێکی سەرەکیی ژیانی مرۆڤەکان و لە پێناو گەیشتن بە ستانداردگەلە زیادەڕۆیانەکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری دەبێتە جێگای مەترسی. بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە سەرانەی کتێب خوێندنەوە تێیدا تەنیا ٢ خولەک لە ڕۆژێکدایە.
دەتوانین هۆکاری سەرەکیی بەرزیی ئاماری بەکارهێنانی بابەتەکانی جوانکاری لە ئێراندا بۆ سیاسەتە هەڵە و سەرکوتکەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامی بگەڕێنینەوە. ڕێژیمێک کە بنەمای یاساکانی دەوڵەتەکەی لەسەر حیجابی ژنان داڕشتووە و هەرچەشنە ئازادییەکی تاکەکەسی بۆ هاووڵاتیانی ئێرانی قەدەغە کردووە.
ژنێک کە لەژێر دەسەڵاتێکی لەم چەشنە و لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوودا کە لەدایک ببێت و بەردەوام وشەگەلێکی وەک "عەیبە، مەکە و شەرم" ببێتە وەڵامی هەموو داخوازییەکانی، بێگومان لەگەڵ کۆمەڵێک ئوغدەدا گەورە دەبێت و لە ڕێگایەک بۆ خاڵی کردنەوەیان دەگەڕێت.
ناتوانین خواستەکان و دیدی کۆمەڵگا بۆ سەر بابەتی جوانی، لەم ڕاستایەدا فەرامۆش بکەین. بەتایبەتی کاتێک ژن بۆ تەنیا مەبەستێکی وەک خستنەوەی منداڵ و پێڕاگەیشتن بە خواست و داواکارییەکانی پیاواندا گەورە دەکرێت، شتێکی تا ڕادەیەک ئاساییە کە کۆمەڵگا و ژنان بەم شێوەیە ببنە کۆیلەی بابەتەکانی جوانکاری.
لێرەدا کاتێک هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ کپکردنی دەنگی ژنانە و دەیهەوێت لە چوارچێوەی ماڵدا بیانهێڵێتەوە، نەوەک بنەما لەرزۆکەکانی دەسەڵاتەکەی بکەوێتە مەترسییەوە. ژنان دەبێت ئاگایانەتر لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن و لە پاڵ هەوڵدان بۆ پێڕاگەیشتن بە تازەگەرییەکانی جیهانی جوانکاری، ئاگاداری دۆخی خۆیان و ئەو ستەمانە بن کە لەو چوارچێوەیەدا لێیان دەکرێت و هەوڵ دەدرێت ژنان تەنیا وەک کاڵایەکی تێرکردنی حەز و ویستەکانی پیاوان بهێڵدرێتەوە.
بێگومان ڕێگای سەرەکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، بردنە سەری ئاستی خوێندنەوە و بەئاگا بوونە لە گۆڕانکارییە جیهانییەکان لە بواری مافەکانی ژنان و هەوڵەکان بۆ دروستکردنی یەکسانی لە کۆمەڵگا جیهانییەکاندا. لە باتی گرینگیدانێکی زیادەڕۆییانە بە جوانکارییە دەرەکییەکان، هەوڵ بدەن بیرکردنەوەیان فراوانتر بکەن و بەباشی شارەزای ماف و تواناکانی خۆیان بن.
بێگومان کاتێک ژن ئاگا دەبێتەوە لە مافاکانی خۆی و دەزانێت بەهاکانی زۆر زیاترە لەو چوارچێوە دیاریکراوەی کۆمەڵگای سونەتی لەژێر دەسەڵاتێکی دیکتاتۆردا، دەتوانین هیواکانمان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و بوونی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو بەرزتر بکەینەوە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.