کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باخدارانی کوردستان بە بڕیارێکی ڕێژیم زەرەمەند دەبن

16:59 - 19 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڕیاریان داوە کە سێو و پرتەقاڵ هەتا دوای نەورۆز هەناردە نەکرێت ئەو بڕیارەش بە زەرەی باخدارانی کوردستانە.

دوای ئەوەیکە وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئێران بڕیاری دا کە هەتا دوای نەورۆز دوو میوە لە جۆری سێو و پرتەقاڵ، بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردە نەکرێت، هەتا ئێستاش تەنیا لە پارێزگای ورمێ زیاتر لە ١٧٠ هەزار تۆن سێوە لە ساردخانەکاندا ماوەتەوە.

ئەگەرچی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای ورمێ باسیان لەوە کردووە کە ئەو بڕیارە بە شێوەی نووسراوە بە ئێمە نەگەیشتووە بەڵام بەپێی خودی بەخشنامەی نێردراو لە تاران، ئەو بڕیارە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

لەو باریەوە "عەلی ئەکبەر شامانی" بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی هەناردەکردنی گومرگ باسی لەوە کردووە لە بەخشنامەیەکدا بە ژمارەی ۹۷/‌ ۱۴۹۰۶۶۶ ڕامانگەیاندووە که هەناردەکردنی سێو و پرتەقاڵ هەتا ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٨ قەدەغەیە.

بەرپرسانی ڕێژیمی لە وەها کاتێکدا بڕیاری لەم چەشنە دەدەن کە هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورۆزدا میوە هاوردەی بازاڕەکان دەکرێت و بەرهەمی باخداران لەسەر دەستیان دەمێنتەوە.

زیاتر لە ٣٠% وەبەرهێنانی سێو، ئەمساڵ لە پارێزگای ورمێ تووشی خەسار بووە و کاری زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە کە به فرۆشتن و وەبەرهێنان سێو بەستراوەتەوه ڕاوەستاوە؛ بەستەبەندی نالەبار، نەدیتنەوەی بازاڕی نێونەتەوەیی، بێ‌بایەخی بە چەشنی چاندن و ئاسانکاری نەکردن لە گواستنەوەی سێو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و نەبوونی نەخشەڕێگا لە هەمبەر وەبەرهێنانی سێوی پارێزگای ورمێ، باخدارانی تووشی زەرەر کردووە.

پارێزگای ورمێ بە وەبەرهێنانی یەک میلیۆن و ٣٠٠ هەزار تۆن سێو، ٣٠% تا ٤٥% ئەو بەشەی لە وڵاتی ئێرانی دەستەبەر کردووە و بە جەمسەری سێو دەناسرێت کە ئەمساڵ تەنیا ٢٠ هەزار تۆن لەو ڕێژەیە بۆ دەرەوەی وڵات هەناردە کراوە و باقی وەک خۆی لە ساردخانەکاندا ماوەتەوە.