کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باخدارانی کوردستان قوربانیی بێ ئیمکاناتییەکانی ڕێژیمی ئێرانن

13:45 - 28 گەلاوێژ 2720

بەپێی بەراوردەکانی ڕێکخراوی جووتیاریی ڕێژیمی ئێران پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ زیاتر لە ٢٦٥ تۆن ترێ لە باخاتی ترێی پارێزگای ورمێ بەرهەم بێت، بەڵام زەحمەتی وەرزێڕان بەهۆی نەبوونی بازاڕ بەفیڕۆ دەچێت.

وەرزێڕان و باخدارانی پارێزگای ورمێ باس لەوە دەکەن: "گەورەترین کێشەی ئێمە بێبەشبوون و نەبوونی خزمەتگوزارییە بۆ بەرهەمەکانمان. لەلایەکی دیکەوە بەهۆی نەبوونی بازاڕ ئێمە ناچارین بەرهەمەکانمان بە نرخێکی کەمتر بفرۆشین".

هەروەها سەردەشت کە جەمسەری بەرهەمهێنانی ترێی ڕەشە، ڕەزدارانی ئەو شارە بوونەتە قوربانیی سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران.

نزیک بە ٥ هەزار و ٥٠٠ هێکتار باخی ترێ لە سەردەشت بوونی هەیە کە بە شێوەی سروشتی ڕواون. ساڵانە ٣٥ هەزار تۆن ترێ واتە ٩ لەسەدی ترێی پارێزگای ورمێ لەو شارە بەرهەم دێت.

وەرزێڕانی سەردەشت باس لەوە دەکەن کە بە زەحمەت و تێچوویەکی زۆرەوە باخەکانی ترێ وەبەر دێنن و بەخێوی دەکەن بەڵام بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرهەمەکەیان بەفێڕۆ دەچێت و تەنیا چەند کاربەدەستێکی ڕێژیم قازانجی لێ دەکەن.

وەرزێڕان هەروەها دەڵێن، نەبوونی نرخێکی گونجاو و پشتیوانی نەکردن لە بەرهەمهێنەرانی ترێ لە سەردەشت وای کردووە کە دەڵاڵەکان بەرهەمەکانیان بە نرخێکی زۆر کەم بۆ پارێزگاکانی وەک تاران و شارە ناوەندییەکانی ئێران ڕەوانە بکەن.

بەشێکی دیکەی کێشەی وەرزێڕان نەبوونی کارخانە و کارگەی پێویست بۆ لێگیراوەکانی ترێ لەو شارەیە کە بەشی زۆری بەرهەمەکە لەنێو دەچێت.

شارەکانی ورمێ، میاندواو، نەغەدە، سەردەشت، پیرانشار، مەهاباد، شنۆ و سایین قەڵا بەرهەمهێنەری ترێ لەو پارێزگایەن، بەڵام وەرزێڕان لە خزمەتگوزاری بێبەرین.