کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتە و داهاتی کۆماری ئاخوندی

00:07 - 5 بانەمەڕ 2722

سندووس

دوای ئازادکردنی "نازنین زاغەری"، شارۆمەندی ئێرانی - بریتانیایی، لە بری وەرگرتنی ٥٣٠ میلیۆن دۆلار لەم وڵاتە، دەنگۆی ئازادکردنی بڕەپارەیەکی زۆر کە بە ٧ میلیارد دۆلار دەەقەبڵێندرێ و بەهۆی لاساری ئاخوندەکان لەگەڵ وڵاتان و کۆڕوکۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، لە کۆریای باشوور دەستی بەسەردا گیرابوو کەوتە سەر زاران و لە میدیا و ڕاگەیەندنەکان بڵاوکرایەوە بەڵام هەر زوو دەرکەوت کە ئەم پارەیەش لەبری ئازادکردنی سێ بارمتەی ئێرانی - ئامریکایی بە ناوەکانی "موراد تەهباز"، "باقر نیازی" و "سیامەک نیازی"، لە لایەن ئاخوندەکانەوە تەحویلیان دەدرێتەوە، ڕەفتارێک کە لەگەڵ تەواوی ڕێوشوێن و یاسا نێودەوڵەتییەکان دژایەتی هەیە و لەڕاستیدا بە دوور لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە و بە هەموو پێوەرەکان لە چوارچێوەی ڕەفتارێکی شارڵاتان - چەقۆکێشیدا باس‌وخواس هەڵدەگرێت.

سەرەڕای ئەوانە، لە سەر قەبووڵی لایەنی بەرابەر کە ئامریکا و کۆریای باشوورن، ئەم پرسیارە بۆ گشت مرۆڤێکی خاوەن‌ویژدان و ئازادیخواز دێتەپێشێ:

بەڕاستی ئەم ساتوسەودایە لەگەڵ سیستمێکی هار و سەرەڕۆ کە لەگەڵ گشت بایەخەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ناتەبایە بۆچی دەبێ ئەنجام بدرێت؟ چوونکە ئەوە نە دانوستانە و نە وتووێژ بۆ نەهێشتنی گرژی و کەمکردنەوەی ئاریشەکانی نێوانیان! تەنیا دەتوانین ناوی باجگیری و نادەروەستی کۆماری ئاخوندی سەبارەت بە چارەنووسی مرۆڤەکان و لادانی فەرمی لە ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر دابنێین.

کۆماری ئاخوندی لە ماوەی تەمەنی شەڕانگێزانەی خۆیدا گشت کات بە خۆهەڵکێشان و هارت و پووت ویستوویە ئامانجە دژە ئینسانییەکانی خۆی جێبەجێ‌ بکات و بە مەرامە چەپەڵەکانی بگات، لەم نێوەدا نەک هەر هیچ بایەخێک بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان دانانێت، بگرە دەمەلاسکەیان پێوە دەکات و بەوپەڕی بێ‌حورمەتییەوە دەیانشکێنێت.

کاتێک، ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی موحسین ڕەزایی وەکوو فەرماندەی پێشووی سپای تێرۆریستی پاسداران و کارگێڕی ئێستای کۆڕی بەرژەوەندی نیزام، بۆ یەکەمجار وتی:

"ئەگەر ئامریکا هێرشمان بکاتە سەر، هەر لە حەوتووی یەکەمدا ١٠٠٠ کەسیان لێ بە بارمتە دەگرین و لە بری ئازادکردنی هەر کام لەم بارمتانەش، چەند میلیارد دۆلار وەردەگرین و کێشەی ئابووری خۆمانی پێ‌چارەسەر دەکەین"، زۆر گەمژانە دەهاتە بەر چاو و ڕەنگە کاتی خۆی زۆر کەس لە دەروونی خۆیدا پێکەنینی بەو وردە فەرمایشتانە هاتبێت! بەڵام بەڕاستی دەرکەوت کە ئەم سیستمە بەڕەڵڵا و بێ پرینسیپە، بێ‌شەرمانە هەموو کارێک دەکات. خەڵکی سڤیل دەگرێت و ناوی جاسووسی دەزگا تەناهییەکانی وڵاتانیان لەسەر دادەنێ و دواجار دەیانکاتە کارتی گوشار بۆ وەرگرتنی پووڵ و پارە!

بەپێی گشت پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و کۆنوانسیۆنەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەوەی کۆماری ئاخوندی سەبارەت بە نازنین زاغەری و لەم دواییانەشدا سەبارەت بە موراد تەهبازی و باقر و سیامەک نیازی ئەنجامی دا بارمتەگرتنە لە پێناو پووڵ و پارەدا. ئەم ڕەفتارەی ئاخوندەکان تا دوێنێ، دونیای شارستانییەت بەشێوەی جیددی و لێبڕاوانە بەگژیدا دەچۆوە، بەڵام کۆماری ئاخوندی بەرەبەرە هاوسەنگییە ڕەفتارە ڕەوشت‌تەوەرەکانی جیهانی بەرەو ئاراستەیەکی شێواو و بێ‌سەروبەرە دادەگێڕێ و لە کورتماوەدا ئیتر هیچ هێزێکی نێودەوڵەتی توانای بەربەرەکانی لەگەڵ بارمتەگرتنی نابێت. جا مەگەر ئاخوندەکان ئاوارتەی ئەم یاسایە بن و بۆ خۆشخزمەتی و لەترسان! دونیا لە ئاست ئەم ڕەفتارە چەپەڵە چاوپۆشی بکات، کە ئەمە دیسانیش ناتوانێ پاساوی وەها ڕەفتارگەلێکی دوولایەنەی ئاخوندەکان و جیهانی شارستانی بێت.

ئێستا کە بە هێندێک هۆکاری نادیار ساتوسەودا لە سەر ئازادی بارمتەکان لە بەرامبەر پارە بلوکەکراوەکان گەیشتووەتە بۆنبەسەت، ڕۆژنامەی "کەیهان"ی سەر بە باڵی خامنەیی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هۆرمۆز بەڕووی کەشتی و پاپۆڕە بازرگانی، تجاری و نەوتکێشەکانی کۆریای باشووردا دەکات و داوا لە خەمخۆرانی نیزام دەکات کە بەپیر ئەم بانگەوازەی حوسێن شەریعەتمەدارییەوە بچن و لە بەرژەوەندییەکانی ئێران پارێزگاریی بکەن.!!

هەرچەند شیمانە دەکرێ سڕبوونی دەنگۆی ساتوسەوداکەیان بەهۆی ئەوەوە بێت کە ئاخوندەکان وێڕای پارە داوای ئازادکردنی هێندێک تێرۆریستیشییان کردبێ کە لایەنی بەرابەر ڕازی بە قبووڵی ئەو هەموو دابەزینە نەبووبێت، چوونکە کەیهان بە ئاشکرا نووسیویە کە: "ئێمە لەم ساتوسەودایەدا زەرمەند دەبین."

ئێستا دەبێ چاوەڕوان بین جیهانی پێشکەوتوو چۆن‌چۆنی سەودا لەگەڵ ئەم باندە مافیاییە دەکەن و چۆن لە بەر چاوی بیروڕای گشتی دەتوانن پاساو بۆ ڕەفتارەکانی خۆیان بهێننەوە!! سەرەڕای هەمووی ئەوانە جیهانی پێشکەوتوو دەبێ ئەم ڕاستییە باش بزانێت کە یەک هەنگاو پاشەکشە لە بەرامبەر زێدەخوازیی، شەڕانگێزی و لاتبازییەکانی کۆماری ئاخوندی تێچوویەکی زۆری دەبێ و ڕەنگە کۆکردنەوەی لە داهاتوودا نرخێکی زۆری پێویست بێت.