کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی تەندروستیی سێ‌ کچە قوتابیی شیناوێ‌ ناجێگیرە

12:45 - 14 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: بارودۆخی تەندروستیی ئەو قوتابییانەی رووداوی شیناوێ‌ کە رەوانەی نەخۆشخانەکانی مەشهەد و ئیسفەهان کراون، خرابە.
لەحاڵی حازردا 12 قوتابیی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی قوتابخانەی شیناوێ‌ لە پیرانشار بەهۆی زۆریی پلەی سووتانەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی تەورێز، ئیسفەهان و مەشهەد کراون.
فەریدوون عابدینی بەرپرسی نەخۆشخانەی ئیسفەهان بە هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێرانی راگەیاندووە، دوو کەس لەو قوتابیانە تووشی هەوکردن (عفونەت)ی دڵ و گورچیلە بوون و تەندروستیان باش نییە.
ئەو پزیشکە ئاشکراشی کردووە، ئەو قوتابیانە لەماوەی راگرتنیان لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، لە رێگای نەریتی و قەدیمی کەڵک وەرگیراوە و هەر بۆیەش ئێستا تووشی ئەو حاڵەتانە بوون.
عابدینی وتیشی: بۆ تیمار کردنی ئەو سووتاوانە کەڵک لە بتادین و پۆماد وەرگیراوە و ئەوەش بەپێی زانستی نوێ‌ ئەمڕۆی پزشکی بۆ سووتانێکی بەپلەی زۆر، گۆنجاو نییە.
فەریدوون عابدینی لەو باوەڕە دایە، پێویست بوو سەرەتا ئەو قوتابییانە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێ‌ و لەماوەی 24 کاتژمێردا جەستەیان لە پێستی سووتاو خاوێن کرابایەوە و پانسمانی نانو کریستالیان بۆ کرابا و ئەگەر ئەو کارانە ئەنجام درابا بە زووترین کات تەندروستیان بەرەو باشتر بوون دەروێشت.
سەرلە بەیانی ١٥ی سەرماوەزی ١٣٩١‌ی هەتاوی بەهۆی ئاگرگرتنی کوورەی نەوتی پۆلی چواری سەرەتایی قوتابخانەی ئاوایی شیناوی لەشاری پیرانشار، ٣٧ کچە قوتابیی تێیدا بوونە قوربانی.
لەو کاتەوە هەتا ئێستا دوو قوتابیی گیانیان لەدەست داوە و تەندروستیی بەشێک لە قوتابییەکانیش جێگای رەزامەندیی پزیشکەکان نییە.
دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لەو رووداوە، هەتا ئێستا هیچ ناوەندێکی فەرمیی رێژیمی ئێران ئامادەی وڵام دانەوە بە قوربانییان و بنەماڵەکانیان نییە و لە هێندێ‌ رێگاوە دەیانهەوێ‌ ناکارامەیی، کەمتەرخەمی و سیستمی سەقەتی پەروەردەییان، بە دانی پارە بە بنەماڵەی قوربانییان پەرەدە پۆش بکەن.