کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی زیندانییانی شاری سەقز لە دۆخێکی خراپدایه

11:51 - 8 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بارودۆخی زیندانەکانی ڕێژیمی ئێران، لە بواری پێداویستەکان بەتایبەت پێداویستییە بێهداشتییەکان زۆر نالەبارە و زیندانەکانی ڕێژیم لە کوردستاندا دۆخێکی خراپتریان هەیە.

بەپێی هەواڵ گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، زیندانییانی شاری سەقز، لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا حوکمەکانیان بەسەر دەبەن .نەبوونی خواردەمەنی پێویست لە زیندانی ئەم شارەدا بە ڕادەیەکە کە بەتەواوەتی کاریگەریی خراپی لەسەر جەستەی بەندکراوەکان داناوە .

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، بە هۆی زۆریی حەشیمەتی زیندانییەکان، شوێنی پشوودان و هەواخۆری و نووستن بۆ زیندانییەکان زۆر بەرتەسکە، بە جۆرێک کە شەوانە زیندانییەکان ناچارن لەبەر دەرگای ئاودەستخانە و حەمامەکاندا بخەون.

بە گوێرەی دوایین ئامار لە زیندانی سەقزدا، نزیک بە۱٥۰۰ کەس زیندانی هەیە، کە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە خراپترین شێوە ئازاری جەستەیی و ڕۆحی دەدرێن. نەبوونی دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزشکی بووەتە هۆکاری درێژەکێشان و بڵاوبوونەوەی شێوەگەلی جۆراوجۆری نەخۆشی لە نێو ئەم زیندانەدا .

دادستانی ڕێژیم لەم شارە، بە پێشگرتن لە چوونە مەرەخەسیی زیندانییەکان بووەتە هۆکاری ئازاردانی زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان. لە ڕۆژانی سەرەتای ساڵی تازەدا لە نێو زیندانی شاری سەقزدا، بە دژی دادستان و ڕەئیسی زیندان دروشم درا و لە ئاکامدا لە نێوان زیندانییەکان و هێزەکانی ڕێژیم تێکەڵچون ڕووی دا. هەر بەم هۆیەوە چەندین کەس لە زیندانییەکان بۆ زیندانی شاری کرماشان گوازراونەتەوە.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا جەختی کردەوە، دادستانی سەقز چاوی لەسەر هەمووی ئەو جەنایەتانە بەستووە، کە بە نیسبەت بەندکراوەکانەوە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو زینداندا بەڕێوە دەچێت.