کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی قوتابخانەکانی شاری پولدوختەر نالەبارن

11:25 - 1 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بارودۆخی قوتابخانەکانی شاری پولدوختەر لە پارێزگای لافاولێدراوی لوڕستان نالەبارن.

پاش ڕووداوی کارەساتباری لافاوەکەی سەری ساڵی نوێی هەتاوی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی تری ئێراندا، هەتاکوو ئێستا خەڵکی ئەو ناوچانە بەتایبەت ناوچە لافاولێدراوەکانی کوردستان لە بارودۆخێکی دژوار و نەگونجاودا دەژین و ڕێژیمی ئێرانیش ئاوڕێکی لە لێقەوماون نەداوەتەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدئۆیەی کە لەم بارەوە لەسەر قوتابخانەیەکی شاری پولدوختەر لە پارێزگای لوڕستان، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، دوای کارەساتی لافاو لەو شارە کە زەرەر و زیانێکی زۆری لەو قوتابخانەیە و زۆربەی قوتابخانەکانی ئەو شارە داوە، تاکوو ئێستاش دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ڕێژیم نەک تەنیا نۆژەنیانی نەکردووەتەوە، بەڵکوو هیچ هەوڵێکی بۆ خاوێنکردنەوەشیانی نەداوە.

لەو گرتە ڤیدئۆوە بڵاوکراوەدا، پێرسۆنێلی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری پولدوختەر باسی لە چۆنیەتیی ڕوودانی لاوفاوەکە و کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم کردووە و وتوویەتی: "لە کاتی کارەساتی لافاوەکەدا نزیک بە ٦۸ تا ۷۰ سانتیمێتر ئاوی لافاوەکە هاتبووە نێو قوتابخانەکە، پاش تەواو بوونی لافاو و خاڵیبوونی ئاوی نێو قوتابخانەکە، نزیک ۳۰ تاکوو ۳۵ سانتیمێتر قوڕ و پاشماوەی لافاوەکە لە نێو قوتابخانەکەدا بەجێ ما".

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی کردووە: لە کاتی ڕووداوی ئەو لافاوە کارەساتبارە کە زیانێکی زۆری بە قوتابخانەکە گەیاندووە، تاکوو ئێستا هیچ ناوەند و بەرپرسێکی حکوومەتی، سەردانی نەکردووە و هێزە مرۆیییەکان و خەڵکی خۆبەخش قوڕ و زبڵی پاشماوەی لافاوی نێو قوتابخانەکانیشیان خاوێن کردووەتەوە و حکوومەتیش هیچ هەنگاوێکی بۆ نۆژنکردنەوەی قوتابخانەکە هەڵ نەگرتووە.

ئەو گرتەڤیدیۆیە، نموونەیەک لە قوتابخانەکانی شاری پولدوختەر و زۆربەی ناوچە لافاولێدراوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە پاش ڕووداوی لافاوەکەی سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، حکوومەتی ڕێژیمی ئێران، جیا لەوەی کە هیچ یارمەتییەکی خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانەی نەداوە و زۆر جاریش ڕێگری لە یارمەتییە خۆبەخشانەکانی خەڵکی ناوچەکانی تری ئێران و کوردستان کردووە، هیچ ئاوڕێکی لە باودۆخی ناوەندە حکوومەتییەکانی خۆی و بەتایبەت قوتابخانە و ناوەندە دەرمانییەکان لەو ناوچانە نەداوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕێکخراوی یونیسێف  “UNICEf”، کە ڕێکخراوێکی یارمەتیدەری منداڵانی لێقەوماوی ناوچە کارەساتبارەکانی جیهان و سەربە ناوەندی شۆرای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، کە لە ئاکامی ڕووداوی لافاو لە ئێراندا، زیاتر لە هەزاران منداڵ بە هۆکاری ڕووخان و نالەباری قوتابخانەکان، لە خوێندن بێبەری کراون و هەزاران منداڵی تر لەو ناوچانە لە پێداویستییە دەرمانییەکان بێبەری کراون و دەستیان بە ناوەندە دەرمانییەکان ڕاناگات.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا، وێڕای ئاماژەدان بە زیانی ناوچە لافاولێدراوەکانی ئێران هاتووە: بۆ یارمەتی و دایبنکردنی پێداویستییەکانی منداڵانی ناوچە لافاولێدراوەکانی ئێران، زیاتر لە ۹ میلیۆن دولار بوودجەی پێویستە.