کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی قوتابخانەکانی پارێزگاکانی کوردستان نالەبارە

17:10 - 18 رێبەندان 2720

پاش زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستاش ئەو ڕێژیمە تەنانەت ئیزنی نەداوە قوتابخانەکان بە شێوەی ستاندارد و بە کەڵک دروست بکرێن و کێشەی قوتابخانە و خوێندن بووەتە کێشەیەکی بێ چارەسەر.

"فواد حوسێنی" بەڕێوەبەری پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی ١ی شاری سنە وتوویەتی: "لە کۆی ٦٠ هەزار قوتابی ٣٢ هەزار کەسیان لە ناوچەی ١دا خەریکی خوێندنن و لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندان و پێویستییان بە کەرەستە و پێداویستیی زیاتر هەیە".

بەپێی قسەکانی ناوبراو "ئاساوڵە، گەورەترین گوندی پارێزگای سنە، ٦ هەزار قوتابیی هەیە کە دۆخی فێرکاری لەو گوندەدا بەهۆی کەمبوونی شوێنی خوێندن قەیراناوییە".

هەروەها یەکێک لە ئەندامانی شۆرای گوندی "ئاساوڵە" لەو بارەوە وتوویەتی: "لە ئێستادا لەو یەکە فێرکارییەدا زیاتر لە هەزار قوتابی لە دوو شیفتدا دەرس دەخوێنن کە لەگەڵ هیچ ستانداردێکی خوێندندا یەک ناگرێتەوە".

ئەو ئەندامەی شۆرای" ئاساوڵە" هەروەها وتوویەتی ئەو گوندە بە ١١ هەزار کەس حەشیمەتەوە کتێبخانە، شوێنی وەرزشی، فەزای سەوزی نییە.

لەلایەکی دیکەشەوە، "مەجید یەزدان پەنا"، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای کرماشان وتوویەتی: "لە ئێستادا ٢٥٨ قوتابخانەی کانێکسی بە ٣٠٠ پۆلەوە لەو پارێزگایەدا بوونی هەیە".

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: "دروستکردنی شوێنی فێرکاریی گونجاو بۆ ئەو قوتابییانە کە لە کانێکسەکاندا دەخوێنن لە توانای ئیدارەی پەروەردە و بارهێناندا نییە".

"یەزدان پەنا" لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتوویەتی سەرەڕای ئەوانەش زیاتر لە ٣٠ لەسەدی قوتابخانەکان لەو پارێزگایەدا پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.