کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ڕێگاوبانەکان هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات

14:11 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بارودۆخی نالەباری ڕێگاوبانەکان نێوان شارەکانی کوردستان، هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵات دەکات.

بارودۆخی نالەباری ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کوردستان و سەرتاسەریی ئێران هەڕەشە لە هاووڵاتییان دەکات و بەرپرسانی ڕێژیمی دەسەڵاتداریش لەم بارەوە زۆر کەمتەرخەمە و هیچ بایەخێکیان بە خراپی ڕێگاکان نادەن و بەم هۆکارەشەوە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاماری پێکدادانەکان و مردنی خەڵکی ئەو وڵاتە لەم بارەوە زیاد دەکات.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لەم بارەوە، سەرەڕای خراپی و نالەباری ڕێگاوبانەکانی کوردستان، ڕۆچوونەکانی زەوین، پرتووکاوی پردەکان و هتد، بارودۆخی جادە و ڕێگاوبانەکانی نێوان شارەکانی کوردستان خراپتر کردووە، کە ساڵانە دەبێتە هۆکاری گیانلەدەستدان و مردنی سەدان و هەزاران هاووڵاتیی کوردستان کە ڕێژیمی ئێران، هیچ ئاوڕێک لەو بارودۆخە ناداتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ڕابردوو بە هۆی شکانی بۆری گواستنەوەی ئاوی بەنداوی سیلوانا لە دەروبەری شاری ورمێ، بووەتە هۆکاری تێکچوون و خراپتربوونی جادە و ڕێگابانەکانی دەوروبەری ئەو شارە و ناوچەکانی.

هەر لەم پەیوەندییەدا، هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، ڕایگەیاند، بە هۆکاری ڕۆچوونی زەوین، ڕێگاوبانی نێوان گوندی "عەبدی بەیگ و  کانی سپی"، خراپتر بوونە و لە هێندێ شوێنی ئەو گوندەشدا، جادەکان داخراون و ڕێگای هاتووچۆوەکان داخراون، تاکوو ئێستاش حکوومەت هیچ ئاوڕێکی لەو بارودۆخە نەداوەتەوە.