کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارینی باران سیستان و بەلووچستانی بردە ژێر ئاو

15:52 - 22 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: بارینی زۆری باران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوو بەهۆی چوونە ژێر ئاوی چەندین گوند و بەستنی زۆربەی ڕێگاکان.

بەهۆی بارینی باران لە ڕۆژانی ڕابردوو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کە ئەو ڕێژەیە لە بارینی باران لە دەیەی ڕابردوودا کەم وێنە بووە، بووەتە هۆی بەستران و چوونە ژێر ئاوی کۆمەڵێک لە شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایە و هەروەها بەستنی تەواوەتی ڕێگاوبانەکانی زۆربەی گوندەکانی ئەو پارێزگایە.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان چەندین گوند لە "زەڕئاوا و دەشتیاری" چووەتە ژێر ئاوەوە و بارینی باران هەروا بەردەوامە و وتراوە ئەگەر بارین بەردەوام بێت، چەندین گوندی دیکەش دەڕۆنە ژێر ئاوەوە.

"هاشم شاهۆزێهی"، بەخشداری بەشی "زەڕئاوا"ی سەر بە شاری "کەنارەک"، باسی لە چۆڵکردنی ٤ گوندی ئەو بەشە بەهۆی بەردەوامیی بارینی باران و خرۆشانی ڕووبارە ناوچەییەکان و هاتنی سێڵاو کرد.

هەروەها بەهۆی هەستانی ئاو لە ڕێگاکاندا چەندین کامیۆن لە کەناری ڕێگاکاندا هەڵدێراون و هەروەها بەشێک لە هێڵی ئاسنیی ئەو پارێزگایە لافاو تێکی داوە کە ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکانی ئەو شارانە و بێکیفایەتیی ڕیژیم لەو بەشەدا یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانەیە.

دۆخی بارینی باران لەو پارێزگایە بە شێوازێک بووە کە خەڵک بۆ هاتوچۆکردن لە بەلەم کەڵکیان وەرگرتووە.