کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارینی باران لە ڕوانسەر، کێشەی بۆ خەڵک ساز کردووە

11:51 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خراپیی دۆخی کۆڵانەکانی شاری ڕوانسەر، لە یەکەمین بارانی پاییزیدا ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارەی بەدواوە بووە.

خەڵکی گەڕەکی "گڵە چەرموو"، لە شاری ڕوانسەر، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە دۆخی خراپی کۆڵانەکەیان، لەهەمبەر ئەم کێشەیە و گرینگی نەدانی بەرپرسانی ڕێژیم بە دۆخی خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، یەکەمین بارانی پاییزیی ئەمساڵ، کە ڕێژەیەکی کەمیشی هەبووە، هەموو کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکەی گرتووەتەوە کە ئەمە هاتوچۆکردن و کاری ڕۆژانەی ئەو خەڵکەی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

بە وتەی خودی خەڵک، لە ساڵی ٩٨دا فەرماندار و شارەداری ئەم شارە سەردانی ئەو گەڕەکەیان کردووە و بەڵێنییان داوە کە چاکی بکەن، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام لەهەمبەر کێشەکانی خەڵکدا کەمتەرخەمی دەنوێنن و بەدواداچوونەکانی خەڵکیش لە ناوەندە پێوەندیدارەکاندا بە هیچ شوێنێک ناگات.